بەرپرسی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی غەززە و یەکێک لە هاوەڵەکانی کوژران

پۆلیس و بەشی فریاگوزاری کەرتی غەززە ڕایانگەیاند ئەفسەرێکی باڵای دەزگای ئاسایشی ناوخۆ لە کەرتی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە، لەگەڵ هاوەڵێکی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا ڕۆژی یەکشەممە لە دێرەلبەلەح لە ناوەڕاستی غەززە کوژران.

بە گوێرەی قسەی بەشی فریاگوزاری و وەزارەتی ناوخۆی ژێر دەسەڵاتی حەماس، لە هێرشەکەدا وائل لەداوی، بەرپرسی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی غەززە لە گەڵ تۆفیق ئەبو زورەیق کوژراون.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێرشەکەیان لە دژی ئەندامێکی بزووتنەوەی حەماس ئەنجامداوە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستووەتەڕوو.

ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا دەیان ئەندامی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماسی کوشتووە و ڕایگەیاندووە، زۆربەیان ئەندامی باڵی سەربازی حەماس بوون کە مەترسییەکی دەستبەجێیان بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی لەناو غەززەدا دروستکردووە.

لەبەرامبەردا حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بە گرووپێکی تیرۆریستی دادەنرێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزی پۆلیس و بارەگاکانی بە ئامانجی دروستکردنی ئاژاوە و پشێوی لە ناوچەکە و پێشێلکردنی ئاگربەستێکە کە بە نێوەندگیری ئەمەریکا لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا پێکهاتووە.

سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند فارس ئەلمەسری، بەرپرسی بەشێک لە بارەگای بەرهەمهێنانی چەکی حەماس، لە هێرشێکدا کە ڕۆژی سێشەممە لە باکووری کەرتی غەززە ئەنجامدرا، کوژراوە.

بەپێی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەلمەسری وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حەماس بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەک کاریکردووە و ئەمەش کارێکە کە ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست وەسفیکردووە.