ئەمەریکا و بەریتانیا بەنیازن هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی باڵا لە شاری لەندەن ڕێکبخەن بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەروازەی هورمز، ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆس ئەمەی ڕاگەیاندووە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاکسیۆس، هێشتا ڕۆژی کۆبوونەوەکه دیارینەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی بەرگری، فەرماندە سەربازییە باڵاکان و بەرپرسانی چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا و هەروەها هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدا بکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات کە لەوانەیە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، و جێنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکان، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکەن.
بەپێی راپۆرتەکە، ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەروازەی هورمز بەشێکی گرنگە لە ستراتیژیی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەروەها ئارامکردنەوەی بازاڕی جیهانی وزە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەروازەی هورمز کرد، هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی 13 ڕۆژ لەسەریەک هێرشی ئاسمانییان دژ بە ئێران ئەندام دا.
ئاکسیۆس ئاماژە دەکات بەوەی لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هێرشێکی نوێی ئێران دژ بە کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار نەکراوە. هەندێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا پێیان وایە ئەو دۆخە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکایە، چونکە توانای سەربازیی ئێرانیان لە دەوروبەری هورمز بە شێوەیەکی زۆر لاواز کردووە. بەڵام بەرپرسانێکی دیکە دەڵێن ئێران هێشتا توانای هێرشکردنی لە ناوچەکەدا هەیە.
ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی کرد ئەگەر ئێران دووبارە هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان لە هورمز، ئەوا ئەمەریکا پرد و دامەزراوەکانی کارەبا، لەوانەش لە تاران، بۆردومان دەکات.
بەپێی ئاکسیۆس، ئەم قەیرانە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە دوو هەفتە لەمەوپێش گفتوگۆکانی عومان، ئێران و قەتەر لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دەروازەی هورمز بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. دوای ئەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ راوێژکاری گەڕایەوە تاران و سوپای پاسداران دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییەکان لە هورمز کرد.