سەرۆک ترامپ: بۆ ڕووسیا و چین زۆر خراپ دەبێت ئەگەر چەکیان دابێتە ئێران

سەرۆکی ئەمەریکا وتی هەریەک لە سەرۆکی چین و ڕووسیا پێشتر دڵنیاییان داوەتێ لەوەی هیچ چەکێک نانێرن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەگەریش ئەوە بکەن، "زۆر خراپ دەبێت بۆیان."

سەبارەت بە سەرۆکی چین، دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "سەرۆک شی، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئێمەدا لە پەکینی پایتەختی چین، پێی وتم کە لە هیچ بارودۆخێکدا چەک نادات و نافرۆشێت بە کۆماری ئیسلامی ئێران — ئەمە کۆمپانیا چینییەکانیش دەگرێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکەمان، من بڕوا بە بەڵێنەکەی دەکەم. سەرەڕای ئەوەش، من چاکەی زۆر گەورەشی لەگەڵ دەکەم."

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە چەک بە ئێران نافرۆشێت.

ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو چەک بە ئۆکرانیا نافرۆشت، بەڵکو بە وڵاتانی ناتۆی دەفرۆشێت و پوتینیش ئەمە دەزانێت. سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "وڵاتانی ناتۆ پارەی تەواوی چەکەکان دەدەن، وە من هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەوەی ئەو چەکانە چۆن دابەش دەکرێن."

ترامپ گومان دەخاتە سەر ئەو ڕاپۆرتانەی ئاماژە دەکەن بەوەی چین و ڕووسیا چەکیان بۆ ئێران دابەش کردووە و دەڵێت "پێموانییە ڕاست بێت. ئەگەریش ئەمەیان کردبێت، زۆر خراپ دەبێت بۆیان. بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندییاندا نییە."