بۆچی باب ئەلمەندەب گرنگییەکی زۆری هەیە؟

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەی داخستنی تەنگەی باب ئەلمەندەب دەکەن و هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری سعودیە و چەند کەشتییەکی دیکەشیان ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن.

ئەم کارانە وایکردووە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرزبێتەوە بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و کێشەیەکی بێ وێنەی بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەواڵەکان بلاویانکردەوە کە تاران داوای لە حوسییەکان کردووە تەنگەکە دابخەن، ئەمەش وایکردووە حوسییەکانی یەمەن هێرش بکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

تێچووی بیمەی ئەو کەشتیانەی کە هەوڵی تێپەڕین بە تەنگەی باب ئەلمەندەب دەدەن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە سعودییەکان کە بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی کار دەکەن، ناچارن لە نێوان یەک بۆ سێ لەسەدی پارەی بارەکانیان بدەنە بیمە.

تێچووی کەشتییە گەورەکان کە باری تەواویان هەیە هەندێک جار دەتوانێت بگاتە 20 ملیۆن دۆلار بۆ هەر پەڕینەوەیەک لە تەنگەی باب ئەلمەندەب.

تەنگەی باب ئەلمەندەب، دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبی و زەریای هیندی دەبەستێتەوە و پانییەکەی لە تەسکترین خاڵیدا نزیکەی 28 کیلۆمەترە.

ئەم ڕێڕەوی ئاوییە گرنگە دەکەوێتە نێوان یەمەن لە ڕۆژهەڵات و جیبۆتی و ئێریتریا لە ڕۆژئاوا و دوورگەی مەیۆن یان پریم لە ناوەڕاستی تەنگەکە، باب ئەلمەندەب دابەش دەکات بەسەر دوو هێڵی کەشتیوانیدا. بەشی ڕۆژئاوا قووڵترە و بۆ هاتوچووی کەشتییە گەورەکان بەکاردێت، بەشی ڕۆژهەڵاتیش کە دەکەوێتە نزیک یەمەن زیاتر بۆ هاتوچووی کەشتییە بچووکەکانە.

حوسییەکان لە یەمەن ئەم تەنگەیە وەک کارتێکی فشار لە دژی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بەکاردەهێنن.
باب ئەلمەندەب یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی کەشتیوانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی کەناڵی سوێسەوە.

نزیکەی لەسەدا 12ی نەوتی جیهان و لەسەدا 8ی گازی سروشتی بەم تەنگەیەدا تێدەپەڕێت.

کێشەی هاتوچۆ لە ڕێگەی باب ئەلمەندەب و نەکردنەوەی تەنگەی هورمز بە تەواوی، کە پێش شەڕی 40 ڕۆژەی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران، 20%ی نەوتی جیهانی و 25%ی گازی سروشتی پیادا دەگوازرایەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دابینکردنی یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی وزەی ڕۆژانەی جیهانی پەکخستووە.

دوای شەڕی 40 ڕۆژە و داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییەوە، سعودیە گواستنەوەی نەوتی لە ڕێگەی دەریای سوور و باب ئەلمەندەبەوە زیاد کرد و بە گوتەی کۆمپانیای کەپلەر، کە چاودێری کەشتییە بازرگانییەکانی دەکات، سعودیە بەر لە هەڕەشەی ئەم دواییەی حوسییەکان ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوی ئاوییەوە هەناردە دەکرد.

هەناردەی نەوت لە ڕێگەی ئەم تەنگەیەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتبووە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئێستا لەگەڵ کێشەی تێپەڕین بەم ڕێڕەوی ئاوییە گرنگەدا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە نەوتی سعودیە بۆ ئاسیا دەگوازنەوە، ناچارن لە ڕێگەی کەناڵی سوێزەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بە تێپەڕاندنی کیشوەری ئەفریقا بگەنە شوێنی مەبەست.

کێشەیەکی تر ئەوەیە کە کەشتییە نەوتهەڵگرە گەورەکان ناتوانن بە کەناڵی سوێسدا تێپەڕن بەهۆی ئەوەی زۆر قووڵ نییە و ناچار دەبن بەشێک لە باری نەوتەکەیان دابەزێنن بۆ ناو بۆرییەک لە میسر پێش ئەوەی بە کەناڵی سوێسدا تێپەڕن و دواتر دوای تێپەڕبوونیان بەو کەناڵەدا تانکیەکانیان پڕبکەنەوە.

باب ئەلمەندەب تەنها ڕێڕەوێکی گرنگ نییە بۆ نەوتهەڵگرەکان، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین تەنگەکانی بازرگانی جیهانی بۆ گواستنەوەی کاڵا لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و بە پێچەوانەوە.

نزیکەی چارەکێک لەو کاڵایانە کە لە ڕێگەی دەریاوە و لەناو کۆنتێنەردا دەگوازرێنەوە بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن.

بەشێکی زۆری کەرەستەی ئەلیکترۆنی، پارچەی ئۆتۆمبێل، جلوبەرگ، دانەوێڵە، خۆراک، پێو، کانزای ئاسن و کەرەستەی خاو و کاڵای بەرهەم هێنراوی دیکە دەتوانرێت لە ڕێگەی گەرووی باب ئەلمەندەبەوە لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا بگوازرێتەوە.

ئەگەر حوسییەکان بتوانن بەربەستێکی جیددی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بەناو تەنگەی باب ئەلمەندەبدا دروست بکەن، ئەوا نرخی نەوت و غازی سروشتی شل و بەرهەمە نەوتییەکان زیاتر لە جاران بەرز دەبێتەوە، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی پارەی بیمەی کەشتییەکان و پارەی سوتەمەنیان.