سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕێککەوتنی ئەمەریکای لەگەڵ سعودیە لە بواری پرۆگرامی ناوەکی بەستەوە بە بەشداریکردنی سعودیە لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی. سعودیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە دەبێت دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەدەنی، بەبێ پیتاندنی یۆرانیۆم، کە لە نێوان وەزارەتی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سعودیە دەکرێت، کە تەنها پەیوەندی بە بەکارهێنانی ناسەربازییەوە هەیە و هاوشێوەی پرۆگرامەکانی ئێران و ئیماراتە، پەسەند دەکرێت. بەڵام ڕێککەوتنەکە بە تەواوی بەندە بە پەیوەستبوونی سعودیە بە ڕێککەوتنە زۆر گرنگ و سەرکەوتووەکەی ئیبراهیمی."
ترامپ دەشڵێت ئەمەریکا دژی دامەزراوە ئەتۆمییە مەدەنییەکان نییە.
وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی سعودیە ڕاگەیاند بۆ هاوکاری لەبواری پەرەپێدانی تواناکانی سعودیە لە پرۆگرامی ئەتۆمی مەدەنی. چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنەکە نزیکەی 30 ساڵی کاری پێکەوەیی لەخۆ بگرێت و بە بەهای دەیان ملیار دۆلار بێت.
وەزیری وزەی ئەمەریکا، کریس ڕایت، ڕێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" وەسف کرد و ڕایگەیاند، "ئاماژەیە بە ویستی هاوبەشمان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودییە، لە ڕێگەی فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەمان و بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانانمان لە دەرەوە."
ئەگەر سعودیە بەشداری لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بکات، دەبێتە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی جیهانی ئیسلامی کە دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێت.
ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ساڵی 2020 هاتە ئاراوە، هەنگاوێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان شارستانی و کۆمەڵگاکانی پێغەمبەر ئیبراهیم، وەک پەیامبەرێکی هاوبەشی جووەکان و مەسیحییەکان و مسوڵمانەکان.
دیمەنی ساتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لە کۆشکی سپی بەرواری 15ـی نۆی 2020 لە کۆشکی سپی. سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی بەحرەین و وەزیری دەرەوەی ئیمارات دەردەکەوێت.
ساڵی 2020 ئیمارات و بەحرەین بە نێوەندگیری ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل چوونە ناو ڕێککەوتنەکە. دواتر لە کۆتایی ساڵی 2020 مەغریبیش هاتە ناو ڕێککەوتنەکە. ساڵی 2021 سودان ئامادەیی خۆی بۆ هاتنە ناو ڕێککەوتنەکە دەربڕی، هەرچەندە ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ڕێگر بوون لەوەی بتوانێت بە تەواوەتی جێبەجێی بکات. ساڵی 2025 کازاخستان وەک وڵاتێکی تری ئیسلامی بە تەواوی هاتە ناو ڕێککەوتنەکە.