ئێران سزای سێ جار سێدارە بە سەر خۆپیشاندەرێکی مانگی یەکدا دەسەپێنێت

ئەحەد شکوهیان، یەکێک لە گیراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئێران، لەلایەن لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە جێبەجێکردنی سێ جار سێدارە سزا درا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی دادبان، لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تاران ئەحەد شکوهیانی بە تۆمەتەکانی "بەشداریکردن لە دوو تاوانی کوشتنی بەئەنقەست"، "کردەوە دژ بە ئاسایشی نیشتیمانی"، "کۆبوونەوە و هاوپەیمانی دژ بە ئاسایشی نیشتیمانی" و "تێکدانی سامانی گشتی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی" سزا داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە زیندانییەکانی یەکەی 2ـی زیندانی قێزێلحەساری کەرەج ماوەی دە ڕۆژە لە مانگرتن بەردەوامن بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین دژ بە زۆری ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دادبان هاتووە کە شکوهیان ڕۆژی 15ـی یەکی 2026 لە شارۆچکەی پاکدەشت نزیک لە تاران دەستبەسەر کراوە. دادبان هەروەها ڕاگەیاندووە کە لە پەیوەندی بەم دۆسیەیەدا، 12 تۆمەتباری دیکەش دەستگیر کراون و هەموویان بە یەک یان چەندین جار سێدارە سزا دراون.

دادبان دەڵێت پرۆسەی دادگایی ئەحەد شکوهیان بە شێوەی "پێشێلکردنی بنەماکانی دادپەروەری" بەڕێوە چووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە دەستڕاگەیشتنێکی کاریگەر بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش کراوە و ئەو پارێزەرەی کە بۆی دابین کراوە تەنها لە یەک دانیشتنی دادگادا بەشداری کردووە.

ئەم دامەزراوەیەی مافی مرۆڤ هەروەها ڕاگەیاندووە کە لە قۆناغی پێداچوونەوەشدا، بەڵگە و ئامرازە یاسایییەکانی پێشکەشکراو لەلایەن پارێزەری هەڵبژێردراوی شکوهیانەوە لەلایەن دادگا نەخراونەتە بەر لێکۆڵینەوە.