فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریایی دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوامن لە چاودێریکردنی کەشتیوانی لە ئاوەکانی نزیک گەرووی هورمز و تا ئێستا نۆ کەشتی بازرگانییان ناچار کردووە ڕێڕەوەکانیان بگۆڕن و کەشتییەکیشیان لەکار خستووە.
لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لەسەر کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس مایکڵ مێرفی چاودێری هەموو هاتوچۆیەکی کەشتیوانی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا دەکەن.
ڕاشیگەیاند، "بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندی تەواو بە گەمارۆکان، سێنتکۆم هەتا 22ـی حەوت بە تێکڕا ئاراستەی 9 کەشتی بازرگانی گۆڕیوە و کەشتییەکیشی لەکار خستووە."
سوپای ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئامادەیی سەربازی خۆی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا زیاد کردووە و دەڵێت بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژی کۆماری ئیسلامی، بە مەبەستی پێشگرتن لە هەڕەشەکان و دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی.