باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئوردن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند گۆڕانکاری لە هەندێک کاروباری کونسوڵی دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بەردەوامن.
باڵیۆزخانەکە هۆشدارییەکی ئاسایشی بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە ئوردن بڵاو کردووەتەوە. تێیدا هاتووە، "بۆ سەرۆک ترامپ و وەزیری دەرەوە ڕوبیۆ و وەزارەتی دەرەوە هیچ ئەرکێک لە سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لەپێشنەتر نییە. بیری هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەخەینەوە کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانە مەدەنی و سەرەکییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە هۆتێلەکان، فڕۆکەخانەکان، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و شوێنە مەدەنییەکانی دیکە."
باڵیۆزخانەکە ئاماژە دەکات بە هۆشدارییەکەی ڕۆژی 2ـی مانگی سێ بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا ئوردن بەجێ بهێڵن؛ دەڵێت هۆشدارییەکە بۆ ئێستاش وەکو خۆیەتی.
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عەممان گۆڕانکاری لە کاتی کارەکانی کونسوڵگەرییەکەی دەکات.
هۆشدارییەکە لە کاتێکدایە هێزی بەرگری ئوردن ئەمڕۆ ڕایگەیاند ئێران بە شەش مووشەک و چوار درۆن هێرشی کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکە.
هێزی ئاسمانی ئوردن ڕایگەیاند چوار مووشەک و گشت درۆنەکانیان خستووەتە خوارەوە، بەڵام دوو لە مووشەکەکان خۆیان لە ناوچەی دوورەدەست کەوتوونەتە خوارەوە.
حکومەتی ئوردن ڕایگەیاند هیچ زیانێکی مرۆیی و ماڵی لە هێرشەکان نەکەوتووەتەوە.