مارکۆ ڕوبیۆ: ئێران جدی نییە لە گفتوگۆکاندا و پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن ئامادەیە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. مارکۆ ڕوبیۆ کە لە فلیپینە، وتی کێشەکە لەوەدایە کە تاران جدی نییە لە گفتوگۆکاندا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە نیگەرانی جددییان سەبارەت بە خولی نوێی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەربڕیوە وتی "ئەگەر ئێرانییەکان جددی بن، ئێمە جددین، ئەگەر جددی نەبن، ئەوا هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان دەیگرینەبەر."

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە ریگەدان بە ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز، داهاتوویەکی مەترسیدار دەخولقێنێت.

هەروەها دووپاتی کردەوە ئەمەریکا "هەمیشە پابەندە بە دیپلۆماسییەوە" و "ئامادەیە ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکات."

بەڵام بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە سەرەڕای ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، نەیتوانیوە پابەند بێت بە بەڵێنەکانی.

ڕوبیۆ هەروەها وتیشی ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران خۆی "راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ" ڕووی لە ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دانوستان و وتووێژەوە ناکۆکییەکە چارەسەر بکات.