سێنتکۆم کۆتایی هاتنی شەوی نۆیەمی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 19ی مانگی حەوت، هێزەکانیان نۆیەمین شەوی یەک لەدوای یەکی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سێنتکۆم هێرشەکان ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ناوەندەکانی چاودێری کەناراوەکان، توانا دەریاییەکان، شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

سێنتکۆم ڕایگەیاندووە ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە کەمکردنەوەی توانای سەربازی ئێران بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و خەڵکی مەدەنی کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامدراوە و هێزەکانی ئەم فەرماندەییە لە ئامادەباشی تەواودا ماونەتەوە.