فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند سیستەمی بەرگریی ئێران و شوێنی هەڵدانی موشەکی کروزیان لە دوورگەی تونبی گەورە لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا ئەو دامەزراوەیە کە سەرپەرشتی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ڕایگەیاندووە "گەڕی بەیانی هێرشەکانی دژی ئێران لە کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی بە کاتی واشنتن کۆتایی هاتووە.
سێنتکۆم ڕایگەیاندووە "لەماوەی ئەم شەپۆلەی هێرشە 90 خولەکییەدا، هێرش کراوەتە سەر سیستەمی بەرگری کەناراوەکان و شوێنەکانی هەڵگرتن و هەڵدانی موشەکی کروز لە دوورگەی تونبی گەورە."
سوپای ئەمەریکا دەڵێت ئەو هێرشانە توانای ئێرانی لاواز کردووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
سێنتکۆم کەمێک پێش ئێستاش دەستپێکردنی خولی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر توانا سەربازییەکانی ئێران ڕاگەیاندبوو.