دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق، ئوردن، لوبنان و ئیسرائیل هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئێران

هاوکاتی ئاڵۆزییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، واشنتن هەوڵێکی چڕ و پڕی دیپلۆماسی بۆ داڕشتنی دۆخی ناوچەکە گرتووەتە بەر.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کۆدەبێتەوە و پێدەچێت پرسی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی وتووێژەکانیان بێت.

عێراق لەژێر فشاردایە بۆ داماڵینی چەک لە تۆڕێک لە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە لەو وڵاتەدا چالاکی دەکەن و بەشێکیان هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لەو کاتەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە دژی کۆماری ئیسلامی.

حکومەتی عێراق بەفەرمی تا کۆتایی مانگی نۆ مۆڵەتی داوە بە گروپە چەکدارەکان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، بەڵام بەشێک لە میلیشیاکان ڕایانگەیاندووە کە بەنیازی ئەوە نین ئەو کارە بکەن.

لە سەروبەندی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن، گروپەکانی بەناو "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕادەستکردنی چەکەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیان و بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنان.

وتەبێژی کەتایبی حزبوڵڵا هەروەها ڕایگەیاندووە چەکی ئەو گروپانە "زۆر گەورەترن لەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر بدات" و داوای چەکداماڵینیان ڕەتکردەوە.

ئەم گرووپانە لە ڕووی دارایی و چەکەوە وابەستەی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانن.

لە هەمان کاتدا بڕیارە دانوستانەکانی دوو ڕۆژە بە پشتیوانی ئەمەریکا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە ڕۆما دەست پێبکەن.

هەروەها مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە واشنتن لەگەڵ ئەیمەن سەفادی وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆدەبێتەوە. ئوردن لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بووەتە ئامانجی چەندین جار هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی.

پێشتریش شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن ڕایگەیاندبوو کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان واشنتن و تاران دەبێت گەرەنتی ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی بکات.