سێنتکۆم: تەنگەی هورمز کراوەیە؛ ئێران کۆنتڕۆڵی تەنگەکە ناکات

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسی خۆی ڕایگەیاندووە تەنگەی هورمز کراوەیە بۆ هەموو کەشتییە یاساییەکان و هاتوچۆی دەریایی بە بێ پچڕان بەردەوامە.

سێنتکۆم لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە "تەنگەی هورمز کراوەیە بۆ هەموو ئەو کەشتیانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی لەم ڕێڕەوی ئاوییە نێودەوڵەتییەدا تێدەپەڕن. هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە جێگیرکراون و ئامادەن دڵنیابن لەوەی ئازادی هاتوچووی کەشتیەکان، سەرەڕای دەستدرێژی و هەراسانکردن و هەڕەشەکانی ئێران، پارێزراو بێت."

سێنتکۆم هەروەها نووسیویەتی ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز ناکات و هاتوچووی کەشتتەکانیش بەردەوامە لەم تەنگەیە."

بەپێی ئەو زانیارییانەی سێنتکۆم لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، هێزەکانی ئەمەریکا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئاسانکارییان کردووە بۆ تێپەڕاندنی زیاتر لە 800 کەشتی و گواستنەوەی زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە. هەروەها لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 140 کەشتی بەم ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژییەدا تێپەڕیون.