سێنتکۆم: ئەمەریکا وەڵامی پێشێلکارییەکانی ئێران دەداتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، CENTCOM، شەوی شەممە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا خولێکی دیکەی هێرشیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد. دەشڵێت ئەم هێرشانە دوای ئەوە هات کە سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر کەشتی بارهەڵگری گالاکسی کە ئاڵای قوبرسی لەسەر بوو، کاتێک بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەندامێکی تیمی مەدەنی کەشتییەکە بێسەروشوێن بووە و بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو کەشتییەکەدا و زیانێکی بەرچاو بە ژووری بزوێنەرەکەی، کەشتییەکە نەیتوانیوە گەشتەکەی بەردەوام بکات."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامی "دەرفەتێکی دیکەی پێدرا بۆ ئەوەی پابەندبوونی بەو لێکتێگەیشتنەی هەبوو نیشان بدات، دوای لێپرسینەوە لە هێرشەکانی پێشووتر بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، بەڵام دیسانەوە نەیتوانیوە ئەو کارە بکات".

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا گوتیشی لە کاردانەوە بە دوایین هێرشی کۆماری ئیسلامی، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە تێکدانی توانای کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر دەریاوانە مەدەنییەکان و کەشتییە بازرگانییەکان کە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕدەبن.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترامپ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا ئەنجامدراون.

سپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەکاتی تاران، ڕایگەیاند کە هەنگاوی سەربازیان لەدژی کەشتیەک گرتووەتەبەر. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، " تەنگەی هورمز تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر و تا کۆتایی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا دادەخرێت." دەشڵێت " ڕێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت تێیدا تێپەڕێت". سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە کارەکەی "تەقەیەکی ئاگادارکردنەوە" بووە، لە کاتێکدا لە بەیاننامەی CENTCOMدا هاتووە کە هێرشەکەی سوپای پاسداران زیانێکی زۆری بە کەشتییە بازرگانییەکە گەیاندووە و یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی بێسەروشوێن بووە.

لە بەرامبەر ئەو کارەی سوپای پاسداران، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنێکی خراپی کردووە و ئێستا باجەکەی دەدات.

هێزەکانی ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو جاری دیکە هێرشیان کردبووە سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەو هێرشانەش دوای هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەوروبەری تەنگەی هورمز ئەنجام دراون. لەو هێرشانەدا نزیکەی 170 ئامانج لە کۆماری ئیسلامی پێکراوە.