ڕاپۆرتەکان: ئیسرائیل ئامادەکاری هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکات

میدیاکانی ئیسرائیلی، ڕۆژی شەممە بڵاویان کردەوە کە سوپای ئیسرائیل، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری دروستبوونی تێکهەڵچوونێکی سەربازیی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی، یان هێرشێکی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل، پلانی سەربازیی بەرفراوانی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی ڕژێمی ئێرانی ئامادە کردووە.

بەڵام، بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئێستادا پێی باشترە وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ نەچێتە ناو ملمڵانێی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "مەئاریڤ"، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئیسرائیلی نووسیویەتی کە سوپا "پلانی هێرشبەرانەی خۆی دژ بە ڕژێمی ئێران تەواو کردووە"، لە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕێکی بەرفراوان، یان ئەگەر تاران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوە ئاسایشییە بە مەئاریڤی گوتووە: "ئەگەر ڕێبەرایەتی سیاسیی ئیسرائیل بڕیار بدات بچێتە ناو شەڕەوە، سوپای ئیسرائیل ئەوەی لە تێکهەڵچوونەکانی پێشوودا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، ئەم جارە بەدەستی دەهێنێت."

ئەو سەرچاوەیە وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئامانجەکانی ئەگەری هێرشەکان یان ئەو تواناییانەی کە لە تێکهەڵچوونەکانی پێشوودا بەکارنەهێنراون، نەخستووەتە ڕوو.

لە هەمان کاتدا، ئەو سەرچاوە ئاسایشییە ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمەریکاییەکان، بە تایبەتی هێزی ئاسمانی، لە ئیسرائیل کردووە و گوتوویەتی: "ئەو هێزانە بەڵگەی بوونی توانای پێویست دەردەخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەرێک."

ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن و هەر هەنگاوێکی سەربازیی نوێ دەشێت مەترسیی فراوانتربوونی ملمڵانێکان زیاد بکات.

هەتا ئێستا، حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی وردەکاریی ئەو پلانە سەربازییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.