سەرۆک ترامپ: هەزار مووشەک بە ئاڕاستەی ئێران ئامادەن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ئەگەر حکومەتی ئێران هەوڵ بدات لە هەڕەشەکانی سەبارەت بە تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوام بێت.

ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ نووسیویەتی: "1000 مووشەک بە ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کراون"، و دەڵێت، ئەگەر حکومەتی ئێران هەوڵی کوشتن یان تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمەریکا بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، "هەزاران" مووشەکی دیکەش، بە دوای ئەو هەزارەدا، بە خێرایی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەکرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا وتوویەتی فەرمانە پێویستەکان پێشتر دراون و هێزی سەربازیی ئەمەریکا ئامادەیە بۆ ماوەی یەک ساڵ، کە دەتوانرێت درێژ بکرێتەوە، وەڵامی هەر هەوڵێکی لەم جۆرە بداتەوە.

ترامپ لە پۆستەکەیدا نوسیویەتی سوپای ئەمەریکا "ئامادە و توانای" ئەوەی هەیە کە لە وەڵامی هەوڵێکی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمەریکادا، هێرشێکی بەرفراوان لە دژی ئێران ئەنجام بدات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "ستایش بۆ خوا".

بەرپرسانی ئەمەریکایی لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک حکومەتی ئێرانیان بە پلاندانان بۆ کوشتن یان ڕفاندنی بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا و ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران تۆمەتبار کردووە. پێشتر دادگایەک لە ئەڵمانیا و هەروەها ئەرجەنتینا، بەرپرسانی پلە بەرزی ئێرانیان تاوانبار کردووە بۆ هەوڵی تیرۆر، لەوانە تیرۆری دکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.