سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە چوارچێوەی قسەکانیدا باسی ئێرانی کرد و گوتی ئامانجی ئێمە لە ئێران گۆڕینی ڕژێم نییە، هەرچەندە ڕژێمەکەش گۆڕا.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ''من تەنیا بۆ یەک ئامانج چوومە ناو ئێرانەوە کە ئەوە بوو ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت نەک ئەوەی بچم ڕژێمەکەیان بگۆڕم. هەرچەندە ڕژێمەکەش گۆڕا.''
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی کە بەرپرسانی ئاستی یەکەم و دووەمی ئێران لەناو براون و ئەوەی لەسەر کارن بەرپرسانی ئاستی سێهەمن کە وا پێ دەچێت باشتر مامەڵە بکەن، ئەمەش لە داهاتوودا دەردەکەوێت.
هەروەها گوتی ''ئێمە هەر سەردەکەوین ئیتر بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی. بەڵام بۆ ئێرانییەکان باشترە کە ڕێککەوتن بکەن چونکە نامەوێت ئەمە ببێتە ئازار بۆ 91 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی''
سەرۆکی ئەمەریکا باسی تواناکانی سوپای ئەمەریکای کرد و دووبارە بە بیر ئێرانییەکانی هێنایەوە کە ''دەتوانن لە ماوەی تەنیا کاتژمێرێکدا پرد و سەرچاوەکانی وزەیان لەناو ببەن. ئێرانییەکانیش ئەوە دەزانن.''
شایەنی باسە دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترامپ بەرەو تورکیا بەڕێ دەکەوێت. لە ئەنکەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە بەشداری لە لوتکەی ناتۆ دەکات و لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و سوریا و ئۆکرانیا کۆبوونەوەی دەبێت.