دۆناڵد ترامپ ستاییشی فیفا دەکات

دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی

دۆناڵد ترامپ لەسەر ڕووداوەکانی جامی جیهانی قسەی کرد و ستاییشی بڕیارەکەی فیفای تایبەت بە هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمەریکا (فۆلارین باڵۆگەن)ی کرد.

ڕۆژی دووشەممە دوای زەنگلێدان بۆ کردنەوەی بازاڕەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپییەوە و قسەکردن لەسەر ئەکاونتی ترامپ بۆ منداڵان دۆناڵد ترامپ لێدوانێکی سەبارەت بە جامی جیهانی دا.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ''بەڵێ، من داوای پێداچوونەوەی سزای سەر فۆلارین باڵۆگەنم کرد'. خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە ''فیفا بڕیارە دروستەکەی دا.''

لە درێژەی قسەکانیدا ترامپ گوتی کە یارییەکان بەبێ یاریکردنی باشترین یاریزانەکان چێژیان نامێنێت. هەروەها ئەو فاوڵەی کە لەسەر باڵۆگەن گیرا شایەنی کارتی سوور نەبووە.

هەر لە کاتی قسەکانیدا گوتی چوونەدەرەوەی باڵۆگەن وەکوو یارینەکردنی مێسی، ڕۆناڵدۆ یان هاری کەین وایە. بۆیە دەبێت بڕیارەکان بە وریاییەوە بدرێن هەتا هەمووان چێژ لە یارییەکان ببینن. لە کۆتاییدا کێ دەیباتەوە و کێ دەیدۆڕێنێ، کێشەیەکی ئەوتۆ نییە.

لە دوای سەرکەوتنی ئینگلتەڕا، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ستاییشی ئاستی یاریزانی ئینگلیز (هاری کەین)ی کردبوو.

شایەنی باسە هەڵپەساردنی سزاکەی باڵۆگەن لە لایەن فیفاوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەلجیکا بووەتەوە و ئەوان پێیان وایە کە نەدەبوو فیفا ئەو بڕیارە دەربکات.