کاتز: هەر سەرکردەیەکی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات،ڕووبەڕووی چارەنووسی خامنەیی دەبێتەوە

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریی دا هەر سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی هەوڵی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بدات، لەناو دەچێت.

کاتز ڕۆژی دووشەممە هاوکاتی دەستپێکردنی پرسەی خامنەیی، لە بەیاننامەیەکدا بە زمانی عیبری ڕایگەیاند "خامنەیی کە ئێستا پرسەکەی بەڕێوەدەچێت، لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناوچوو، چونکە ئەو پلاندانەری لەناوبردنی ئیسرائیل بوو لە ئێران و لە سەرتاسەری ناوچەکەدا."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتیشی "وێرانکەرەکە لەناوچووە، هەر سەرکردەیەکی رێژیمی ئێران هەوڵی پێشخستنی پلانەکانی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بداتەوە، بە هەمان شێوە لەناو دەچێت."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە دروشمی مەرگ بۆ ترامپ کە لە کاتی پرسەکەدا دەوترێتەوە سروشتی ڕاستەقینەی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان نیشان دەدات."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی هێرشە بەهێزەکەی سەر ئێران بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو هەڕەشە دەستبەجێ و راستەقینانەیان لەناوبرد کە بۆ سەر ئیسرائیلدا دروستکرابوون و زیانێکی زۆری بە توانا ستراتیژییەکانی ئێرانیش گەیاند.

کاتز وتیشی ئیسرائیل ئامادەیە جارێکی تر بە هێزەکانی خۆی بەرگری لە خۆی بکاتەوە لە هەر کاتێکدا و لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا.