دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروث سوشیاڵ ڕاپۆرتێکی بلومبێرگی بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بە لێدوانەکانی سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵە نەوتییەکانی ئێراندا.
ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ کە بۆ یەکەمجار ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران بریتین لە پەیوەستبوونی تاران بە سیستمی دارایی لەسەر بنەمای دۆلار و دەرکردنی فاکتەری فرۆشتنی نەوتی ئێران بە دراوی ئەمەریکایی.
سکات بێسێنت هەمان ڕۆژ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕایگەیاندبوو"لە دانوستان لەگەڵ ئێراندا دەبینین ئێرانییەکان فاکتورەکان بە دۆلار دەردەکەن."
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ئەم بابەتەی بە بەشێک لە هەوڵەکانی بەرێوبەرایەتی ترامپ بۆ بەهێزکردنی پێگەی دۆلار لە بازرگانی جیهانی و سیستەمی دارایی دانا و وتی "هەژموونی دۆلار زۆر پێویستە" و ئەم کارەی حکومەتی ئەمەریکا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی دۆلار لە ناوەندی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان.
بێسنێت هەروەها بە ئاماژەدان بە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا چاودێری پرۆسەی ئازادکردن و چۆنیەتی تەرخانکردنی ئەو پارانە دەکات. بە وتەی ناوبراو، پێدەچێت بەشی یەکەمی ئەم سەروەت و سامانە لە قەتەرەوە ئازاد بکرێن و بەرپرسانی خەزێنەی ئەمەریکا لە دەوحە چاودێری چۆنیەتی خەرجکردنیان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد بەشێکی زۆری ئەو سەرچاوانەی کە ئازاد دەکرێن بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان لە ئەمەریکا خەرج دەکرێت و لە ئەنجامدا ئەم پارەیە، بە وتەی خۆی وەزیری خەزێنە، دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمە ئەمەریکاییەکان.