سەرۆک ترامپ:  ئێران ڕازی بووە بە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستمانە

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەرانی نوێی ئێران بەردەوامە و ڕژێمەکە "ڕازی بووە بە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستمانە".

ئەم وتانەی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە کە ئێران مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای کۆچکردووی خۆی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی بەڕێوە دەبات، کە لە یەکەم شەپۆلی هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28ی مانگی دوو کوژرا.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەمەریکی سی ئێن بی سی لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند"ئەوان بە تەواوی لە ڕووی سەربازییەوە تێکشکاون. هێشتا چەند مووشەکێکیان ماوە، ئێمە دەتوانین ئەوانیش لەناوببەین"،

ئاماژەی بەوەشکرد"ئێمە گفتوگۆ دەکەین، و پێموایە ئەوان ڕازی بوون بە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستمانە."

گفتوگۆی تەکنیکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەم هەفتەیە لە قەتەر بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی هەردوو لایەن ڕێککەوتنی کاتی ئاشتییان لە 18ی شەش واژۆ کرد. قەتەر ڕایگەیاند لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتن بەدەست هاتووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.

بەپێی ڕێکخراوی ئاسایشی دەریایی بەریتانی، هاتوچۆ لە تەنگەی هورمز بەردەوام و ساقامگیرە، دوای ئەوەی ئێران هەفتەی ڕابردوو دوو هێرشی کردبووە سەر کەشتییە بازرگانییەکان. ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕۆژی هەینیدا وتی ئاستی هەڕەشەی ئاسایش لە تەنگەکە هێشتا بەهۆی "مەترسیی مینە بەردەوامەکان" لە ئاستی "بەرچاو" ماوەتەوە

سەرۆک ترامپ ئێرانی وەک "ئاژاوەگێڕی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسف کرد و وتی ئەوان بۆ چەندین دەیەیە فێڵیان لە ئەمەریکا و وڵاتانی تر کردووە. ئەو هەروەها بۆ جارێکی تر ستراتێژیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکای ڕوون کردەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی "ئەمە شەڕ نییە بە واتای ڕاستەقینەی وشەکە. ئەمە داماڵینی ئێرانە لە چەکی ناوەکی. ناتوانین ڕێگەیان پێ بدەیت چەکی ئەتۆمیان هەبێت".

لە کاتێکدا ئێران مەراسیمی ناشتنی خامنەئی بەڕێوە دەبات، ترامپ وتی ئەمەریکا بە دوای گۆڕینی ڕژێم لە تاران نییە. "ڕێبەرانیان هەموو کوژراون ڕێبەری نوێیان دەستنیشان کرد، ئەوانیش هەموو کوژراون. ئێمە لەگەڵ سێیەم دەستەی ڕێبەرەکانیان رووبەڕووین و لە ڕاستیدا پەیوەندیمان لەگەڵیان باشە. پێموایە زۆر عاقڵترن". ترامپ هەروەها وتی "پێموایە ئەمە گۆڕینی ڕژێمە، بەڵام من بە دوای گۆڕینی ڕژێم نیم. من بە دوای شتێکی زۆر سادەم: ئەوان ناتوانن چەکی ئەتۆمیان هەبێت".

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئەدمیراڵ براد کووپەر و بەرپرسانی سەربازیی 11 وڵاتی ناوچەکە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی ئاسایشیان لە بحرەین بەڕێوە برد، کە تێیدا باسی بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری لە ناوچەکە و پابەندبوون بە ئازادیی بازرگانی لە ڕێگەی تەنگەوە کرا.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کازم غەریبئابادی لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکەی بەحرەین گرت و وتی "ناتوانێت ڕێکخستنی یاسایی و ئاسایش بۆ کەنداوی فارس دابین بکات". ناوبراو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسییویەتی ئاسایشی ناوچەکە بە کۆتایی هاتنی دەستدرێژییەکان و دەرکردنی ئەمەریکا لە ناوچەکە دابین دەکرێت".

تاران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مافی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆی لەو رێڕەوە ستراتێژییەیدا هەیە.