ئەندامانی کۆنگرێس: F35 بە تورکیا نەفرۆشرێت و سوریاش لە لیستی پشتگیریکاری تیرۆر لاببرێت

لەگەڵ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پشووەی یادی سەربەخۆیی و یادکردنەوەی 250 ساڵەی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە و زۆربەی ئەندامان پایتەختیان بەجێهێشتووە بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بەڵام هەوڵ و چاودێرییان بەرامبەر بە دۆسیەکانی سیاسەتی دەرەوە بەردەوامە.

ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە دوو نامەی جیاوازدا کە ئاراستەی سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەیان کردوودو، داوا دەکەن تورکیا نەگەڕێتەوە ناو بەرنامەی فرۆکەی جەنگی F35 و سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتگیریکاری تیرۆر لاببرێت.

لە نامەی یەکەمدا دە ئەندامی کۆنگرێس داوایان لە سەرۆک دوناڵد ترامپ کردووە ڕێگە نەدات بە فرۆشتنی فرۆکەی جەنگی F35 بە تورکیا. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆک ترامپ خۆی لە ساڵی 2019 ئەنقەرەی لە بەرنامەی F35 دوورخستەوە، دوای ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400ـی ڕووسی کڕی. ئەوان دەڵێن هەتا تورکیا بە تەواوی دەستبەرداری ئەو سیستەمە نەبێت نابێت ڕێگەی پێبدرێت بگەرێتەوە ناو بەرنامەکە و بتوانێت فرۆکەی F35 بکڕێت.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس ئەوەش وەبیر دێننەوە کە کۆنگرێس لە ساڵی 2020 یاسایەکی تایبەتی دەرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی F35 بە تورکیا. هەروەها دەڵێن هەرچەندە تورکیا لە ساڵی 1952 ئەندامی ناتۆیە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک هەنگاوی ئەنقەرە پرسیار لەسەر متمانەی ئەو وڵاتە وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ دروست کردووە.

کاتی ناردنی ئەم نامەیە گرنگە، چونکە لە هەفتەی داهاتوودا ڕێبەرانی ناتۆ کۆبونەوەی لوتکە لە ئەنقەرە ئەنجامدەدەن و سەرۆک ترامپ وتویەتی لەوانەیە "شتێک" بکات بە وتەی خۆی ئەردۆغان "زۆر دڵخۆش" بکات. هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ CNN Türk وتبووی ئیسرائیل بووەتە "بارێک بۆ سەر مرۆڤایەتی."


پرسی سوریا

لە نامەیەکی دیکەدا، دوو سیناتۆری دیموکرات و ئەندامێکی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەران داوایان لە وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ کردووە سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتگیریکاری تیرۆر لاببرێت. ئەوان دەڵێن هۆکارەکانی دانانی سوریا لەو لیستەدا نەماون، بە تایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە سەرکاری حکومەتێکی نوێ.

هەروەها دەڵین مانەوەی سوریا لەسەر لیستی پشتگیریکارانی تیرۆر ڕێگری لە گەشەی ئابووری و بونیادنانی وڵاتەکە دەکات.

بە پێی خەمڵاندنەکان سوریا پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار هەیە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ووڵات.

لە هەمان کاتدا، ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە داواکارییەکەیان بە مانای هەڵگرتنی فشارەکانی واشنتن لەسەر دیمەشق نییە. ئەوان داوا لە مارکۆ ڕوبیۆ دەکەن بەردەوام بێت لە فشار کردن بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ڕووسیا لە سوریا و دوورخستنەوەی چەکدارە بیانییەکان لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەت و بە فەرمی ناساندنی حیزبوڵا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و بەردەوامبوون لە پرۆسەی یەکخستنی ناوچەکانی سوریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و فراوانکردنی بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات لە دەسەڵات و دامەزراوەکانی دەوڵەت و فراوانکردنی ڕۆڵی ژنان لە حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکاندا.