ئێران و ئەمەریکا "دانوستانی تەکنیکی" لە دەوحە ئەنجام دەدەن

میدیا جۆربەجۆرەکان باسیان لەوە کردووە "دانوستانی تەکنیکی" ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 1ی مانگی حەوت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە دەچێت و دانوستانەکان بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر، دانوستانکاری باڵای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەر گەیشتنە ئەو وڵاتە و ڕۆژی سێشەممەش لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبوونەوە.

دیپلۆماتکارێک ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا بەشداری دانوستانە تەکنیکییەکان ناکەن.

پێشتریش کاربەدەستانی ئێران دانوستانە تەکنیکییەکانیان پشتڕاست کردبووەوە و ڕایانگەیاندبوو لە ڕۆژانی داهاتوودا هیچ دیدارێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکادا نابێت. وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش ئەمەی پشتڕاستکردەوە.

شەوی سێشەممە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کە ڕایانگەیاندبوو دانوستان بۆ لێکتێگەیشتن لە ئارادا نییە و دانوستانەکان تەنیا "لە ئاستێکی تەکنیکی"دان. وتی ئەمە دانوستانە بە شێوەی ئێرانی و جۆرێکە لە ڕیتۆریکی ستایلی ئێرانی، وتیشی ئەو لەم شێوازە تێنەگەیشتووە، بەڵام "ئەمە ئەو شێوازەیە کە ئێرانییەکان بەکاری دەهێنن."