سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت ژمارەیەک فەرماندەی حەماسی کوشتووە

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند بەرپرسی پۆلیسی دەریایی کەمپەکانی ناوەندی حەماس و دوو فەرماندەی دیکەی ئەو گرووپەی کوشتووە.

هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند دوو ڕۆژ پێشتر لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، مەنسوور سامی مەحمود شەحتووت، بەرپرسی پۆلیسی دەریایی کەمپە ناوەندییەکانی حەماسیان کوشتووە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، مەنسوور شەحتووت لەم دواییانەدا خەریکی پێشخستنی پلانی تیرۆریستی دژ بە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بووە.ڕاپۆرتەکە هەروەها دەشڵێت دوو فەرماندەی دیکەی حەماس کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شەحتووت و دوو تیرۆریستی دیکە لەکاتێکدا چەندین چەکی جۆراوجۆریان پێ بووە، لەنێو ئۆتۆمبێلێدا هاتوچۆیان کردووە و هەڕەشەیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززە جێگیر بوون، روستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە سوپای ئیسرائیل ئەحمەد مونیر خەلیل زازا، سەرۆکی کەتیبەی ئەندازیاری جەبەلیای ڕۆژئاوای لە ناوچەی شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە کوشت.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ناوبراو دەستی هەبووە لە دروسترکردن و دابەشکردنی چەک لەنێوان یەکینەکانی حەماس و بەرپرسی دروستکردنی بۆمب و بۆردومانکردنی خانووەکان بووە.