بەحرەین بە توندی شەرمەزاری هێرشە درۆنییەکانی ئێران دەکات

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند بەرەبەیانی شەممە ئێران بە چەندین درۆن هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە کاتێکدا وەزارەتەکە ئەم دەستدرێژییە قێزەونە شەرمەزار دەکات، دووپاتی دەکاتەوە ڕژیمی ئێران بەهۆی بەردەوامی ئەو هێرشانە تاکە بەرپرسیارە لە تێکدانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشتی."

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین هیچ ئامارێکی لەسەر زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکردووەتەوە.

بەحرەین لە بەیاننامەکەدا ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی "ڕێبازێک پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای ناسەقامگیری ئاسایش، ئاژاوەنانەوە و تێکدانی سەقامگیری ناوچەیی بونیاد نراوە."

هەروەها وەزارەتەکانی دەرەوەی کوەیت و ئیمارات و سعودییە و سوریا و هەروەها ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

هەرچەندە ئێران بە فەرمی هیچ ئاماژەیەکی بەو هێرشانە بۆ سەر بەحرەین نەکردووە، بەڵام شیانی هەیە لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ ئەمەریکا بێت بۆ سەر چەند بنکەیەکی مووشەک و درۆن و ڕادارەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز.

ئەمەریکا درەنگانێکی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر ئەو ئامانجانەی ئێران "وەک وەڵامێکی بەهێز" بۆ هێرشە درۆنییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز.

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا.