سەرچاوەکان: پێکدادانی توند لە بانە کوژرانی چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئێرانی لێ کەوتەوە

سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێران ئاماژە دەکەن بە ڕوودانی پێکدادانی "توند" لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و "گروپێکی چەکدار" لە ڕۆژی هەینی، کە بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم دوو ئەندامی هێزەکانی ئێران.

سەرچاوە هەواڵییەکانی سەر بە سوپای پاسداران ئەو پێکدادانەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئێران کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو لەو هێزانە و برینداربوونی یەکێکی تر.

بەڵام بەگوێرەی تۆڕی میدیایی زاگرۆس 24، چەندین پێکدادانی سەربازیی یەک لە دوای یەک لە دەوروبەری شاری بانە ڕوویان داوە کە بووەتە هۆی کوژرانی سێ ئەندامی هێزەکانی ئێران و برینداربوونی پێنجی دیکە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پێکدادانەکان لە خاڵی پشکنینی سەوەتڵوو بووە لە بازگەی رێگای بانە بۆ سەقز. زاگرۆس 24 ئاماژەی داوە کە بۆ ماوەی لانی کەم 30 خولەک بەردەوام تەقەی تێدا کراوە.

پێکدادانەکان لە کاتێکدان ماوەیەکە سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن بە زیادبوونی گرژییەکان لەم ناوچەیەدا.

هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەم ڕووداوەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ڕۆژی پێنجشەممە پژاک ڕایگەیاند سوپای پاسداران بە سێ درۆن هێرشی کردە سەر زەویوزاری خەڵک لە گوندی شێوێ سەر بە ناوچەی بانە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ڕووداوێکی تردا رۆژی شەممە درۆنێکی تەقەمەنی-هەڵگر کەمپێکی سەر بە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە باکووری شاری هەولێر کردە ئامانج.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ رۆیتەرز، بە هۆی ئەوەی ئەو کەمپە پیشتر چۆڵ کراو، هێرشەکە هیچ قۆربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەردەوام بوون و چەندین قوربانییان لێ کەوتووەتەوە.