سەرۆک ترامپ: ئێران هێرشی درۆنی لە تەنگەی هورمز ئەنجام دا کە پێشێلکاری "گەمژانەی" ئاگربەستە

سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی "پێشێلکارییەکی گەمژانە" لە ئاگربەستی دوو لایەنە و دەڵێت ئێران بە لایەنی کەمەوە چوار درۆنی دژی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز هەڵداوە.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری یەک لایەنی دژ بە کەشتییەکانی گەرووی هورمز هەڵداوە. یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە توندی بەر سەقفی سەرەوەی کەشتییەکی گەورە و زۆر گرانبەهای بارهەڵگر کەوتووە."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا بەوەی لەو هێرشەدا زیان بە کەشتییەکە کەوتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە نقوم نەبووە و توانیویەتی لە ڕێڕەوی خۆی بەردەوام بێت.

ترامپ هەروەها دەڵێت سوپای ئەمەریکا سێ درۆنی تری ئێرانی خستووەتە خوارەوە.
دەشڵێت، "بە ڕوونی دیارە کە ئەمە پێشێلکارییەکی گەمژانەیە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەمان."

سەرۆکی ئەمەریکا هیچ ئاماژەیەکی بە کات و شوێنی هێرشەکە لە گەرووی هورمز نەدا، بەڵام دوێنی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئاماژەیان دا بە هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەک لە تەنگەکە، وە ڕایانگەیاند بەهۆیەوە تیمی یۆ ئێن بۆ ئاوە نێودەوڵەتییەکان هەموو چالاکییەکانی بۆ گواستنەوەی کەشتییە گیرخواردووەکان وەستاندووە.