عێراق: ئەگەر پشکی ئۆپێک زیاد نەکرێت، هەموو بژاردەکان لەبەرچاو دەگرین

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ئەگەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ئۆپێکدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد نەکرێت، بەغدا ناچار دەبێت "هەموو بژاردە بەردەستەکان" لەبەرچاو بگرێت.

هەروەها سەرچاوەی جیاجیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە بەرپرسانی عێراق بیریان لە جێهێشتنی ئۆپێک کردووەتەوە.

ئیمارات لە سەرەتای مانگی ڕابردوو ئۆپێکی بەجێهێشت و دەرچوونی عێراق لە ئۆپێک ڕەنگە گورزێکی دیکە بێت بۆ ئەو ڕێکخراوەیە.

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوەشکردووە دوای گەمارۆدانی تەنگەی هورمز، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی سەخت بووەتەوە و زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ئۆپێک پێویستییەکی حەتمییە.

پێشتر دەستەی چاودێری ئابووری عێراق ڕایگەیاندبوو بەهۆی گەمارۆی سەر تەنگەی هورمزەوە، عێراق لە نزیکەی 37 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بێبەش بووە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە ئەمە بۆچونی فەرمی حکومەت نییە و تەنها بۆچونی بەرپرسانی سیاسییە.