ترامپ لە دیدار لەگەڵ ڕوتە: ئەردۆغان لەسەر داوای من نەهاتە نێو ململانێ لەگەڵ ئێران

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە وەڵامی ڕۆژنامەوانان لە کۆشکی سپی ئێوارەی چوارشەممە ڕایگەیاند ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر داوای ئەو نەچووەتە نێو ململانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

ترامپ ڕایگەیاند ئەردۆغان سەرەڕای هەڵوێستە ڕەخنەگرانەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل، خۆی لە چوونە ناو شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوور گرتووە و بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکاری واشنتنی داوەتەوە. وتیشی سەرکردەکانی چین و ڕوسیاش ڕێبازێکی هاوشێوەیان گرتووەتەبەر و دەستوەردانیان لە ململانێکاندا نەکردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی هاوتا تورکیاییەکەی کرد و وتی ئەردۆغان تورکیای خۆش دەوێت و هەرچیش من داوام لێکردووە کردوویەتی.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نەبوایە، بەشداری لوتکەی ناتۆی نەدەکرد. لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گرت کە بە پشتیوانی هەوڵەکانی ئەمەریکایان لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران نەکردووە.

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی دیدار لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کاتێکدا بوو کە پرسەکانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ڕۆڵی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی سەرکردەکانی ڕۆژئاوادان.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک سەبارەت بە داواکاری تورکیا بۆ بزوێنەری فڕۆکەی ئێف-110 و هەروەها فڕۆکەی جەنگی ئێف-35، وتی "بەڵێ، تورکیا ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە و پێدەچێت شتێک بکەم کە ئەردۆغان زۆر دڵخۆش بکات."

ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس چالاکانە بەشداری گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیادا کردووە لەسەر ئەم پرسانە. ڤانسیش وتی کە لێکۆڵینەوەیەک لە ئارادایە کە چۆن ئەمریکا دەتوانێت فڕۆکەی ئێف 35 بە تورکیا بفرۆشێت. تورکیا بە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400ی ڕووسیا لە ساڵی 2019 ئاستەگ و کێشەی دروستکرد بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 35 کە دەمێکە داوای دەکات لە ئەمەریکا پێی بفرۆشێت.

هەروەها مارک ڕوتە سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند تورکیا بنکەیەکی پیشەسازی بەرگریی گەورە و بەهێزی هەیە و کۆمپانیا بەرگریەکانی لە سەرتاسەری هاوپەیمانی ناتۆدا ئامادەن بە ئەمەریکاشەوە. سەرۆکی ئەمەریکاش وتی زۆر کەس ئەوە لەبەرچاو ناگرن کە تورکیا لە ڕووی سەربازییەوە چەندە گەورەیە.

سەبارەت بە بەشداریکردن لە لوتکەیەک لە تورکیا، دۆناڵد ترامپ هەروەها ڕایگەیاند ئەگەر ئەو لوتکەیە لەلایەن ئەردۆغانەوە میوانداری نەکرابا، ڕەنگە بەشداریی نەکردبا. ئاماژەی بەوەشکرد ئەردۆغان بە شێوەیەکی شەخسی داوای لێکردووە بەشداری لە لوتکەکەدا بکات و لەبەر ئەم هۆکارەش و لەبەر ڕێزگرتن لە سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداریی دەکات.