فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگه یاند سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کوشتووە.
سێنتکۆم ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی شەش لە هەژماری ئێکس نووسیویەتی هێرشەکە لە 19ی مانگی شەش ئەنجامدراوە و لە ئەنجامی هێرشەکەدا عەلی حسێن ئەلعەلیوی سەرکردەیەکی باڵای داعش کوژراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم هێرشەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بووە بۆ پەکخستنی و نەهێشتنی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە هەوڵی هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکا یان خاکی ئەمەریکا دەدەن.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانیان بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی شانەکانی داعش بۆ دڵنیابوون لە شکستی هەمیشەیی ئەو گرووپە.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خاکەکەی و هێزە سەربازییەکانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.