سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت پێش سەردانی واشنتن کابینەی حکومەتەکەی تەواو بکات

لە کێبڕکێیەکدا لەگەڵ کاتدا و لە ماوەی تەنها 20 ڕۆژدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات کابینەی حکومەتەکەی تەواو بکات و هەندێک پێگەی هەستیاری ئەمنی و ئابووری بگۆڕێت پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ واشنتن بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا.

حەیدەر ئەلعەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، "تەواوکردنی کابینەکە لە نیوەی یەکەمی مانگی حەوتی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت - واتە پێش سەردانەکە بۆ واشنتن".

ڕۆژی 14ی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی بە عەلی زەیدی و 14 وەزیری کابینە نوێیەکەی دا. تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، نۆ وەزارەت - لە نیوانیاندا وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری - بە بەتاڵی ماونەتەوە و چاوەڕێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەیان.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق شێروان دووبەردانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "ئێمە دەزانین لە دادگای فیدڕاڵی، بە هۆی میکانزمی دەنگدانەوە، داوایەک لە دژی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیران کابینەی حکومەت تەواو بکات."

لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، عەلی زەیدی زنجیرەیەک گۆڕانکاری لەناکاوی لە پۆستە سەرەکییە ئەمنییەکان و داراییەکان ئەنجامداوە. لەو چوارچێوەیەدا باسم بەدری لە جێگەی عەبدولکەریم بەسری ڕاسپارد بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی. هەروەها قاسم حەسەن عەبودی لە جێگەی قاسم ئەعرەجی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دانا، ئەمە جگە لە دانانی نزار ناسر لە جێگەی عەلی عەللاق وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی.

ئەم هەنگاوە خێرایانەی حکومەتی عەلی زەیدی گفتوگۆ و مشتومڕێکی گەرمیان لەنێوان سیاسییەکان و شیکەرەوەکانی بواری ئاسایش و سیاسەتدا دروست کردووە.

دووبەردانی ئاماژەی دا بەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا هێشتا بەربەستی گەورە لەبەردەم سەرۆک وەزیران هەن و هێشتا هەندێک گرووپی چەکدار هەن کە ڕازی نابن چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

شێروان دووبەردانی

دووبەردانی سەبارەت بە پێگەی سیاسیی سەرۆک وەزیران وتی، "ئەو ئێستا لە ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندایە و لە ژێر کاریگەری و سیاسەتی ڕێبەرانی ئەو هاوپەیمانییەدایە. ئێمە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژانەین کە لە پێشمانن و ڕووداو و سوپڕایزی نوێ لەگەڵ خۆیان دەهێنن."


بەرپرسیێکی ئاسایشی عێراقی بە ئاژانسی فڕانس پرسی وتووە کە حکومەتی عەلی زەیدی کار دەکات بۆ ئەوەی پێش سەردانی واشنتۆن نەخشەڕێگایەکی تایبەت جێبەجێ بکات، کە تێیدا پێشکەوتن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و دیاریکردنی بەرپرسانی نوێ بۆ پۆستە باڵاکان بەدەست دێت.

شیکەرەوەی ستراتیژی، موخەلەد حازم، هەنگاوەکانی عەلی زەیدی بە ئەرێنی دەبینێت، بە تایبەتی گواستنەوە و گۆڕینی سەرکردە ئاسایشییەکان لەم کاتە هەستیارەدا.

موخەلەد حازم ئاماژەی بەوە کرد کە "تێڕوانینێکی نوێی ناوخۆیی و هەرێمی سەبارەت بە عەلی زەیدی هەیە و یاریزانە سیاسییەکانی عێراق هەڵبژاردەی زۆریان نییە بۆ وەستاندن یاخود بەربەستکردنی ئەم پڕۆسەیە."

موخەلەد حازم

ئەو شیکەرەوەیە هەروەها وتی کە عەلی زەیدی، وەک کەسێکی خاوەنکار، هەوڵ دەدات ئابوورییەکی ڕوون ودوور لە گەندەڵی و وەبەرهێنانی وەهمی بنیات بنێت، وە ئەم هەنگاوەشی بە گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی و کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ سنوور دەستی پێ کردووە.

بەڵام عەدنان کینانی، شیکەرەوەی سیاسی، بە دەنگی ئەمریکا وت کە گۆڕینی ئەو پۆستانە ڕەنگە وەک هەنگاوێکی نەرێنی لەسەر سەرۆک وەزیران هەژمار بکرێت، چونکە ئەو هیچ پاشخانێکی سەربازی یان ئاسایشی نییە.

عەدنان کینانی

کینانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گۆڕانکاریانە گومانی ئەوە دروست دەکەن کە "هێزە دەرەکییەکان فشاریان لەسەر دروستکردووە، یان ئامۆژگارییەکی بۆ دابین دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات".

گوتیشی، "ئێمە ناڵێین دارەکەی موسا بەدەست سەرۆکوەزیرانەوەیە، بەڵام هیوادارین تیمێکی ڕاوێژکاری ڕاستگۆ هەبێت بۆ ئەوەی شتە دروستەکانی پێبدرێت، بەتایبەتی لە بەرامبەر هەردوو ئاستەنگی گەورەدا: گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق."

شایانی باسە، سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵات دەبێت لە دوای دەستبەکاربوونی، وە بڕگەیەکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکادا، بەتایبەتی بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەت و دوورخستنەوەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.