دەزگای پاراستنی ئیسرائیل، شین بەت و سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێشیان بە دەیان ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی شانەکانی حەماس کە بنکەیان لە تورکیادایە، گرتووە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکە، بەشی"بارەگای کەناری ڕۆژئاوا" لە حەماس ئەرکی ئاراستەکردن و ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە خەڵکی سڤیل و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی لە ئەستۆ بووە و بەشێک لەو چالاکییانەش لە خاکی تورکیاوە بەڕێوەبراون.
لە بەیاننامەیەکەدا هاتووە زاهر جەبارین بەرپرسی ئەو کەرتە بووە و ئەیمەن ئەبو خەلیل-یش وەک بەرپرسی لقی سەربازییەکەی بووە. شین بەت و سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە تۆڕەکە تورکیای بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی هێز و گواستنەوەی پارە و ناردنی ئامێر و دەرکردنی فەرمانی ئۆپەراسیۆن.
لە نێو ئەو کەسانەی کە لەم تۆڕەدا چالاکیان کردووە، کەسانی وەکوو ئەیمەن الشرونا، محمد الملا، ماجید الجعبە، وەلید ئەبو ناسر، و سەلام یەعیش ناویان هاتووە کە بە گوتەی ئیسرائیل بەشدار بوون لە وەرگرتنی خەڵک و ئەندام و گواستنەوەی پارە و دارایی ژێرخانی ئابووری و پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی کەناری ڕۆژئاوا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەسانی حەماس لە تورکیا لەگەڵ ئەندامەکان کۆبوونەتەوە و ژێرخانی تورکیایان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی پارە و ئاراستەکردنی چالاکییەکانیان.
شین بەت و سوپای ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە بە جددی بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانی تۆڕەکە و ڕێگاکانی گواستنەوەی پارە و هەوڵەکانی ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ کەناری ڕۆژئاوا دەکەن و ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان.