سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە مەراسیمێکی تایبەتدا مەدالیای شکۆمەندی بەخشی بە دوو ئەفسەری خانەنشین و میراتگری ئەفسەرێکی دیکەی سوپای ئەمەریکا.
ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتی بەخشینی مەدالیا بە جەیمز کەیپەرز جونیەر، خانەنشین بە پلەی جێداری دووەم، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ''جەیمس کە ئەمڕۆ ڕێزی لێ دەگرین یەکێکە لە باشترین جەنگاوەرەکانی ئەمەریکا کە هەتا ئەمڕۆ جلوبەرگی هێزی دەریاییی ئەمەریکای لەبەر کردبێت... زۆر سوپاس جەیمس! لە جەنگی ڤێتنامدا، جەیمس پلەی لە سەرپەلەوە بۆ جێداری دووەم بەرز کرایەوە، ئەوە شتێکی ئاسایی نەبوو! ئەو بوو بە یەکەم سەربازی ڕەشپێستی هێزی دەریایی لە مێژووی ئەمەریکادا کە لە کاتی شەڕدا پلەی بەم جۆرە بەرز بکرێتەوە.''
هەروەها لە بۆنەکەدا مەدالیای شەڕەف بەخشرا بە میراتگری کاپتن جۆن ڕیپلەی لە پای ئەو خزمەتەی کە لە جەنگی ڤێتنامدا پێشکەشی ئەمەریکای کردووە. کاپتن جۆن ئەرکی وێرانکردنی پردی یەکێک لە گوندەکانی لە ئەستۆ گرت بە ناوی گوندی دۆنگ ها. خۆی بە تەنیا 500 پاوەند تەقەمەنی گواستەوە بۆ پردەکە و لەو ڕێگەیەوە توانیبووی ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی دوژمن بۆ سەر سەنگەرەکانی سوپای ئەمەریکا بکات.
دواتر جێداری دووەم نیکۆڵاس دۆکەری مەدالیای شەڕەفی پێ بەخشرا لە بەرانبەر ئەو خزمەتە زۆرەی کە لە ساڵی 2012 لە ئەفغانستان پێشکەشی کردووە. لە کاتێکدا یەکەکەی لە ژێر هێرشی قورسی تاڵیباندا بوو، ئەو گیانی خۆی خستە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی سێ سەربازی بریندار.
مەدالیای شەڕەف خەڵاتێکی تایبەتە بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و تایبەتە بەو سەربازانەی کە کارێکی ناوازە و لە سەرووی توانای ئاسایی دەکەن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناو سەرکەوتنی هێزی ئەمەریکا لە دژی دوژمنان.