دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی ئەمەریکا و ئێران لە سویسرا هەڵدەوەشێتەوە

دوابەدوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند گەشتی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سویسرا هەڵوەشاوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی سویسراش بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی شاندی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە. بڕیار بوو دانوستانەکانی تاران و واشنتن ڕۆژی هەینی لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.

هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و ئەمەریکا تەنیا یەک ڕۆژ دوای واژۆکردن و بە فەرمی کردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دێت کە یەکێک لە بڕگە هەرە گرنگەکانی ئەو یاداشتنامەیە دیاریکردنی ماوەی 60 ڕۆژە بۆ دانوستان لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. بڕیار بوو ئەم 60 ڕۆژە دەستبەجێ لە ڕۆژی هەینییەوە دەست پێبکات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دانوستانکارانی ئێران پێش دەستپێکردنی خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئاشتی پێویستە نیشانەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کاتی ئەمەریکا ببینن و تا ئێستاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک سەبارەت بە گەشتی شاندی ئێران بۆ ژنێڤ نییە.

دوابەدوای ئەم هەواڵە وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا کە شەوی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند ڤانس و شاندی ئەمەریکا ئامادەبوون هەر کە خشتەی دانوستانەکان کۆتایی پێبێت، گەشتی سویسرا بکەن.

بەیاننامەکە دەڵێت بابەتی لۆجستیکی ئەو گفتوگۆیانە هەرگیز سادە و پێشبینیکراو نەبوون، لە ئێستادا جێگری سەرۆک ئەمشەو گەشت ناکات."

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سویسراش کە ساڵانێکی زۆرە ڕۆڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئێراندا هەیە، هیچ ئاماژەیەک بە وادەیەکی یەکلاکەرەوەی دەستپێکردنی وتووێژەکانی نێوان هەردوولا نەکراوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هێشتا وەڵامی ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەینی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانیان نەداوەتەوە یان ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.