ترامپ بە توندی وەڵامی ڕەخنەگرانى ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەداتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دۆنالد ترامپ لە دوو پۆستی سەر ترووس سۆشیال وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە بەرامبەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن وتاران هەڵوێستی دژ وەردەگرن.

سەرۆک ترامپ وتی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

هەروەها ئاماژەی دا بە بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمەریکا و دابەزینی نرخی نەوت لە کاردانەوە بە ڕێککەوتنەکە.

ترامپ ڕایگەیاند ئەنجامەکانی ڕێککەوتنەکە دەریدەخات کە هەوڵەکانی واشنتن بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ تاران کاریگەری هەبووە و ئەوانەی هیرشدەکەنە سەر یاداشتنامەکە "بەخیلن یان مرۆڤی خراپن یان گەمژەن."

سەرۆک ترامپ هەروەها لە پۆستێکی دیکە ئاماژەی دا بەوەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا ئێران ناتوانێت چەکی ناوەی بەدەست بهێنێت، بەمەش "جیهان سەلامەت دەبێت."

ترامپ گوتی نەوت لە تەنگەی هورمزدا خەریکی دەرباز بوونە، "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ناوەکی". ئەو هەروەها زیادی کرد کە "بازاڕەکانی پشک بە هێزەوە هەڵدەکشێن، ژمارەی کارەکان لە ئاستێکی تۆمارکراوی نوێدایە، و نرخەکانیش دابەزیون."

سەرۆکی ئەمەریکا پێیوایە دوای ڕێککەوتنەوە ئەمەریکا بەهێز و سەلامەتە و ڕێزی لێگیراوە "بە جۆرێک هەرگیز پێشتر هاوشێوەی نەبووە."