جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت بڕیارە ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی هەینی واژۆ بکرێت ودەبێتە هۆی کردنەوەی دوورگەی هورموز و دڵنیابوون لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت. هەروەها وتی ئەمەریکا هیوادارە ئەم هەفتەیە دەقی ئەو ڕێککەوتنە بڵاو بکاتەوە.
لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ڕۆژی دووشەممەدا، ڤانس وتی ئەگەر ئێران ڕێککەوتنێک جێبەجێبکات کە تێیدا چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی تێدابێت، ئەوا دەکرێت سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگیرێن.
دوای واژۆ کردنی ڕێککەوتنەکە لە سویسرا، هەر دوو لا ماوەی 60 ڕۆژیان هەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان، وەک چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران.
ڤانس بە کەنالێ سی ئێن بی سی وت، "زۆر وردەکاری گرنگ هەن کە پێویستە دابنیشین و گفتوگۆیان لەسەر بکەین و چارەسەریان بۆیان بدۆزینەوە."
ڤانس وتی کە ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەوەدەکات کە گەرووی هورموز بەبێ سەپاندنی باج بکرێتەوە.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی دۆخەکە ناسکەو داوایکرد کە هەموو لایەک "ئەم ڕێککەوتنە بەخێرایی و بە نیازپاکی جێبەجێبکەن."
شاباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، کە حکومەتەکەی یارمەتیدەربوو لە سازدانی گفتوگۆکان لەنێوان ئەمەریکا و ئێران، ڕۆژی دووشەممە بە پەرلەمانی پاکستانی وت ئەم ڕێککەوتنە، "سەرکەوتنێکە بۆ ئاشتی و گفتوگۆ."
ئۆرسولا ڤۆن دەر لەین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ڕۆژی دووشەممە وتی پێویستە "گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەسەر زەوی" ڕووبدات پێش ئەوەی یەکێتی ئەورووپا هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران لە بەرچاو بگرێت.
یەکێک لە ئاڵۆزییەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران دۆخی لوبنانە.
گرووپی حیزبوڵا لەلایەن ئەمەریکا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسراوە. حیزبوڵا لە 2ی مانگی سێی ڕابردوو دا، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ،چەندین موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە ناو لوبناندا وەڵامی دایەوە کە بووەتەهۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لە شوێنەکانی خۆی لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری ئاسایشی ئیسرائیل.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بە هاوکاتەکانی هەرێمی وت پێویستە ئیسرائیل بە تەواوی هێرشەکانی لە لوبنان بوەستێنێت.
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی دووشەممە پێشوازی کرد لە ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران و دووپاتکردنەوەی سەقامگیری لوبنان لە هەر هەوڵێکی جدی بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەکە.
وڵاتی چین پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و ڕایگەیاند کە هیوادارە بە زووترین کات هاتووچۆی ئارام و ئازاد لە دوورگەی هورموز دەستپێبکاتەوە.
دەوڵەتی ئیمارات، تیشکی خستەسەر پێویستی"پابەندبوونی تەواو بە ماددەکانی ڕێککەوتنەکەو دڵنیابوون لە وەستاندنی خێرا و گشتگیری هەموو دوژمنکارییەکان لە ناوچەکەدا."
دەوڵاتی کوەیت و عەرەبستانی سعودی پێشوازییان لە ڕێککەوتنەکە کرد و ستایشی ڕۆڵی پاکستان و قەتەریان کرد.