بۆچی ئامادەبوونی ترامپ لە کۆبوونەوەی گروپی حەوتدا دوای ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گرنگە؟

سەرکردەکانی وڵاتانی دەوڵەمەند و پیشەسازی گروپی حەوت (G7) ڕۆژی دووشەممە لە شارۆچکەیەکی هاوینەهەواری فەرەنسا لە کەنارەکانی دەریاچەی ژنێڤ لە دڵی ئەورووپادا کۆدەبنەوە و کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێشوەختەی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەیان، گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت.

جی 7 چییە؟
گروپی حەوت هاوپەیمانییەکی نافەرمی گەلانی دەوڵەمەند و پیشەسازییە کە ئەندامەکانی بریتین لە ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و هەروەها ڕووسیاش ماوەیەک بەشداری کۆبوونەوەکانی کردووە. یەکێتی ئەورووپا لە هەموو کۆبوونەوەکاندا بەشداری دەکات بەڵام بە یەکێک لە حەوت وڵاتی ئەسڵی دانادەنرێت و مافی سەرۆکایەتیی لە گرووپەکەدا نییە، ئەمەش چوونکە یەک وڵات نییە بەڵکو بلۆکێکە لە 27 وڵات پێکهاتووە.

پەیوەستبوونی ڕووسیا بەم گروپە لە ساڵی 1997 ناوەکەی گۆڕی بۆ گروپی هەشت، بەڵام لە ساڵی 2014دا دوای لکاندنی کریمەی ئۆکرانیا، لە گروپەکە ئەندامێتیەکەی ڕاگیرا.

فەرەنسا لە ساڵی 2026 پۆستی سەرۆکایەتی گرووپەکەی لە کەنەدا وەرگرت.

گروپی حەوت دوای گەمارۆی نەوتی ئۆپێک لە ساڵی 1973 وەک کۆڕێک بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییە جیهانییەکان پێکهێنرا. کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی ئەندامەکانی زیاتر لە 50 تریلیۆن دۆلارە کە کەمێک کەمترە لە نیوەی ئابووری جیهان.

بازنەی چالاکییەکانی گروپی حەوت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا فراوانتر بوو و پرسە سیاسییەکانیشی گرتەوە.

لە مێژووی 50 ساڵەی خۆیدا، گروپی حەوت ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جیۆپۆلەتیکی بووەتەوە، لە قەیرانی نەوتی ساڵانی حەفتاکانەوە تا پرسیارەکان سەبارەت بە ڕۆڵی گروپەکە لەسەر شانۆی جیهانی.

لەم ساڵانەی دواییدا بانگهێشتکردنی وڵاتانی دیکە بۆ لوتکەکە بووەتە شتێکی باو. ئەمساڵ سەرکردەکانی هیندستان، کۆریای باشوور، کینیا و بەرازیل لەنێو ئەو کەسانەدان کە بانگهێشتکراون.

گرنگی ئامادەبوونی ترامپ لە لوتکەکەدا چییە؟
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە واشنتنی بەجێهێشت و بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت.

لە کاتێکدا ترامپ پێشتر لوتکەی پێشووی گروپی حەوتی لە کەنەدا بەجێهێشتووە، بەرپرسانی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆیان بە ئامادەبوونی ناوبراو لەم لوتکەیەدا دەربڕیوە.

جگە لە ئەمەریکا، وڵاتانی دیکەی ئەندامانی گرووپی حەوت، لەوانە بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ژاپۆن ڕاستەوخۆ کاریگەری بڕیار و کردەوەکانی ترامپ لەسەر شانۆی جیهانیان لەسەرە، کە نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازرگانی و دیپلۆماسی جیهانی لە قاڵب دەدەن.

هەروەها بڕیارە سەرۆک ترامپ لە میانەی لوتکەکەدا لەگەڵ سەرکردەکانی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆببێتەوە. ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری شەڕی لەسەر بووە و هەروەها قەتەر و میسر لە گروپی حەوتدا دەبن.

پشتگیریکردن لە ئۆکرانیا
هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا دیدارێکی کاری لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجام دەدات. کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە پێشڕەوی ڕووسیا لە ئۆکرانیا خاو بووەتەوە و ئۆکرانیا داوای یارمەتی سەربازی زیاتر لە هاوپەیمانەکانی دەکات.

گروپی حەوت دەیەوێت یەکگرتوویی نیشان بدات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا؛ وڵاتێک کە ڕووبەڕووی شەڕێک دەبێتەوە کە ئێستا لە پێنجەمین ساڵیدایە.

سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا پێشنیاری دانوستانی ڕووبەڕوو لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی کرد.

ئەندامانی ئەوروپی گروپی حەوت کەس هەوڵدەدەن پێگەی ئۆکرانیا بەهێزتر بکەن.

کاریگەری ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چییە؟
تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی یەکێک دەبێت لە چەند پرسێک کە سەرکردەکانی جی حەوت لە لوتکەکەدا لە ڕۆژانی 15 بۆ 17ی مانگی شەش ڕووبەڕووی دەبنەوە.

سەرکردەکانی گروپی حەوت زۆر حەز دەکەن وردەکاری ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بزانن. وردەکاری ڕێککەوتنەکە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی بە فەرمی لە سویسرا واژۆ بکرێت، تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە.

ترامپ ڕایگەیاندووە تەنگەی هورمز کە ڕێگایەکی گرنگی جیهانییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز کە حکومەتی ئێران بۆ چەند مانگێکە بە شێوەیەکی کاریگەر دایخستووە، ڕۆژی هەینی دەکرێتەوە و فەرمانی داوە کۆتایی بە گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بهێنرێت.

پێش کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت، فەرەنسا پاڵپشتی بۆ ڕێککەوتنێکی نێو گروپەکە دەربڕیوە لەگەڵ هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو داواکاریانەی کە دەتوانرێت لە حکومەتی ئێران هەیانبێت سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی.

هەروەها ڕێبەرانی میسر، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەو وتووێژانەدا بەشدار دەبن و هەروەها داواکارییان دەبێت بۆ ئەگەری ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

ڕاستکردنەوەی "ناهاوسەنگییە ئابوورییە جیهانییەکان"
فەرەنسا کە میوانداری لوتکەی ئەمساڵە، داوای ڕاستکردنەوەی ئەو شتەی کردووە کە پێی دەڵێت ناهاوسەنگی.

سەرکردەکانی دەڵێن "چین زۆر بەرهەم دەهێنێت، ئەمەریکا زۆر بەکاردەهێنێت و ئەوروپاییەکان زۆر کەم وەبەرهێنان دەکەن."

لە ڕۆژئاوا نیگەرانییەکان لە زیادەڕۆیی بازرگانی چین و گۆڕانکارییەکانی بەرەو پیشەسازییە تەکنەلۆژییە بەرزەکان لە زیادبووندایە. پەکین بەرگری لە سیاسەتە پیشەسازییەکانی کردووە.

ماکرۆن هەوڵیداوە پاڵ بە ڕێبازێکی هاوبەشەوە بنێت وەک هەوڵێکی کۆتایی پێش ئەوەی یەکێتی ئەورووپا بڕیار بدات سیاسەتی بازرگانی توندتر لە دژی چین بگرێتەبەر. بەرازیل، هیندستان، کینیا و کۆریای باشوور بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان و ماکرۆن داوای لە چین کردووە کە بەکارهێنانی ناوخۆیی خۆی بەرز بکاتەوە.

لەگەڵ ئامادەنەبوونی چین لە دانیشتنەکەدا، پێشبینی پێشکەوتنێکی کەم دەکرێت. فەرەنسا دەڵێت تەنها دانپێدانانی کێشەکە دەستکەوتێکە.

ئەی ئای و قەرزی وڵاتانی گەشەسەندوو
فەرەنسا نزیکەی دەیان بەرپرسی باڵای کۆمپانیاکانی بانگهێشت کردووە، لەوانە سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپێن ئەی ئای و داریۆ ئامۆدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێنترۆپیک، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێترین تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکرد و هەڕەشە و دەرفەتە ئەگەرییەکانیان.

هەروەها پاراستنی منداڵان لە زیانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرنامەی کاردایە، بەڵام سەپاندنی باج بە سەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیجیتاڵی لە بەرنامەی کاردا نابێت.

هەروەها پێدەچێت سەرکردەکانی گروپی حەوت پابەندبوونی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی بارگرانی زۆری قەرزەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتو دووپات بکەنەوە. بەڵام ڕوون نییە ئەو پابەندبوونە بە کردەوە مانای چی دەبێت.

دوا ساڵی ماکرۆن لە پۆستەکەیدا
ترامپ ڕۆژی دووشەممە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لێدەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدا ماکرۆن لە کۆتا ساڵی سەرۆکایەتیدا دەبێت.

ماکرۆن لە ناوخۆدا زیاتر وەک سەرۆکێک سەیر دەکرێت کە بڕیارەکانی بەردەوام نین، بەڵام ئەو نیشانی داوە کە هێشتا کاریگەری لەسەر شانۆی جیهان هەیە، ئەمەش وایکردووە ترامپ ڕازی بکات کە ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی ڤێرسای بەشداری لە خوانێکی گەورەدا بکات.