ئیسرائیل عەلی موسا دەقدوق، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا دەکوژێت

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە هەژماری ئێکس خۆی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیبویەتی سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی هەفتە (هەینی) لە هەڵمەتێکدا لە باشووری لوبنان، تیرۆریست عەلی موسا دەقدوق، فەرماندەی باڵای ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، دەقدوق "بەرپرسیارێتی زۆری لە ئەستۆ بووە و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری بە ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان بووە و لە ساڵانی ڕابردوودا بەشداربووە لە جێبەجێکردنی پلانی تیرۆریستی و شەڕکردن دژی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "دەقدق لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە پلانە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هێزەکانی ئیسرائیل ئاراستە کردووە، لە ساڵی 2007 لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی دەستی هەبووە لە ڕفاندن و لەسێدارەدانی پێنج سەربازی ئەمەریکایی."

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، دەقدوق فەرماندەی تیمی ئەمنی حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی پێشووی حزبوڵڵا بووە و هەروەها فەرماندەی یەکەی ڕەزوان و فەرماندەی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی یەکەی نەسر و بەرپرسی یەکەی پیادەی حزبوڵڵا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەقدوق فەرماندەی "دۆسیەی جۆلان" بووە، کە لقێکە بەرپرسیارە لە چالاکییەکانی حزبوڵڵا لە سوریا و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی لە نزیک سنووری ئیسرائیل.