ڤانس: ڕێککەوتنامەکە لەگەڵ ئێران دەکرێت ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی گتوگۆکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتن بە چارەسەرییەکی هەمیشەیی.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی ئەو زانیاریانەی بە "نادروست" و "سەیروسەمەرە" ناوبرد گوایە ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە چەندین ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران بداتەوە بەو وڵاتە.

ڕایگەیاند، "ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەختینە وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەک تەنیا بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک یان بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەیەکدا ئازاد ناکرێت."

ڤانس گوتی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەی ئامانجەکاندایە، ئنجا "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەوکات سوودە ئابوورییەکان بۆ ئەوان و هەموو ناوچەکە دەبێت."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە "ئەم ڕێککەوتنە توانای ئەوەی هەیە کە ناوچەکە دووبارە دروست بکاتەوە و ببێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی."

ڤانس دڵنیایی دا لەوەی لە کۆتایییدا سەرۆکی ئەمەریکا دەرەنجامێکی "باش" لەو پرسەدا بۆ ئەمەریکا بەدەست دەهێنێت.