سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران، هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بەردەوامە

لەگەڵ ئەوەی ئێران ڕایگەیاندووە تەنگەی هورمزی داخستووە، داتاکانی چاوەدێری هاتووچۆی دەریایی پیشان دەدەن هێشتا هاتووچۆی کەشتییەکان لەم تەنگە ستراتیژییەدا بەردەوامە.

وێنە و زانیارییەکانی سیستەمی چاودێری کەشتییەکان، کە ماوەی نێوان 10ی شەش تا 11ی شەش دەگرێتەوە، پیشانی دەدەن، سەرەڕای گەرمیی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا، ژمارەیەک کەشتی بازرگانی و نەوتهەڵگر هێشتا لە تەنگەی هورمز هاتووچۆ دەکەن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەمەریکا شەوی ڕابردوو هێرشێکی نوێی کردە سەر چەند ئامانجێک لە ئێران.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا پێشتر بانگەشەی ئێرانی سەبارەت بە داخستنی تەنگەی هورمزی رەتکردبووە کە باسی ئەوەی کردبوو تەنگەی هورمز داخراوە و سێنتکۆم وتی کەشتییە بازرگانییەکان هێشتا دێن و دەچن و هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

شایانی باسە سێنتکۆم ڕایگەیاندووە بەردەوامە لە چەسپاندنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و پێش بەو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرانە دەگرێت کە لە ئێرانەوە دێن یان بۆ ئەو وڵاتە دەچن.