سێنتکۆم: خولی نوێی هێرشەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی هات

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند خولی نوێی هێرشە بەرگرییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی کە ئێوارەی چوارشەممە بەکاتی واشنتن بە فەرمانی سەرۆک ترامپ دەستیپێکردبوو، کۆتاییان هاتووە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە هێزەکانیان لە 10ی مانگی شەش هێرشەکانیان بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ئێران تەواو کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئامانجی هێرشەکان لەکارخستنی تواناکانی سیخوڕی سەربازیی ئێران، سیستەمی پەیوەندییەکان و شوێنەکانی بەرگری ئاسمانی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ئەنجامدراوە و تێیدا تەقەمەنی ورد بەکارهاتووە لە دژی ئەو ئامانجانەی کە مەترسیان لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە هێرشەکان لە وەڵامی دەستدرێژییە بێ هۆکار و بەردەوامەکانی ئێراندا بووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئامادەباشییەکی بەرزدا ماونەتەوە بۆ وەڵامدانەوە بە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئێران.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێری فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕێککەوتن نەکات، سبەی شەو بە قورسی بۆردومان دەکرێن.