ترامپ: ئەمڕۆ جارێکی تر هێرش دەکەینەوە سەر ئێران

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمەریکا، بەڵێنی دا کە ئەمڕۆ جارێکتر هێرش بکەنەوە سەر ئێران.

سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی بۆنەیەکی کۆشکی سپیدا ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد "هێرش دەکەینەوە سەریان و هێرشەکەش زۆر زۆر توند دەبێت."

ترامپ جەختی لەوە کردەوە " بۆردومانەکە دەستپێدەکاتەوە و ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەوە بکەین. ئەوان کۆپتەرەکەمانیان خستە خوارەوە."

سەرۆک ترامپ بە ئاماژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران وتی "ئێمە زۆر لە ڕێککەوتنێک نزیک بووینەوە، بەڵام ئێرانییەکان بەردەوام کات دەکوژن و پێیان وایە دەتوانن فێڵمان لێ بکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی چەند مانگێکە لەگەڵ ئێران کاردەکەم و پێویستە ئەم ڕێککەوتنە واژۆ بکەن، ئەمە ڕێککەوتنێکی باشە.

ترامپ کاتژمێرێک لەمەوبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە تروث سوشیاڵ نووسیویەتی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە دەکرا زۆر باش بێت، زۆر کاتی بە فیڕۆ داوە و ئێستا دەبێت باجەکەی بدات.

شەوی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا لە کاردانەوە بە خستەخوارەوەی کۆپتەرێکی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی عومان هێرشی کردە سەر خاڵەکانی باشووری ئێران و دواتر ئێران وەڵامی دایەوە و ئوردن و کوەیت و بەحرەینی بە مووشەک کردە ئامانج.