بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لێدوانی توندی دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەربڕی و وتی کوردەکان و نەیارانی سیاسی خۆی سەرکوت دەکات و پاڵپشتی حەماس دەکات.
نەتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئەردۆغانی دژە جوو کە خەریکی جینۆسایدی کوردەکانە و پشتیوانی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس دەکات و خەڵکەکەی و نەیارانی سیاسی سەرکوت و زیندانی دەکات، دوا کەسە کە دەتوانێت وانەی ئەخلاقی بە حکومەتی ئیسرائیل بدات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها بەرگری لە کردەوەکانی وڵاتەکەی و هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل کرد و وتی "حکومەتی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل کە ئەخلاقیترین سوپای جیهانن، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەنگاوی یەکلاکەرەوە دژی ئێران و بریکارەکانی کە هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان دەکەن."
نەتانیاهۆ لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی دژی ئاسایشی ناوچەکە و بەرگری کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ئەم ڕێوشوێنانەی وەک بەشێک لە هەوڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی ئیسرائیل و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد.
ئەم وتانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە پرسی مافەکانی کورد لە تورکیا چەندین جار سەرنجی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەشێک لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوای لەم ساڵانەی دواییدا ڕاکێشاوە. بەڵام ئەنکەرە ئەم ڕەخنانەی ڕەتکردووەتەوە و کارەکانی بە بەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەی ناودێر کردووە.