سێنتکۆم: لە وەڵامی خستنەخوارەوەی کۆپتەرە ئەپاچییەکەدا هێرشی "بەرگری"مان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 9ی مانگی شەش بە کاتی ئێران ڕایگەیاند هێزەکانی بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی ئەمەریکا هێرشی بەرگری لە خۆیان لە دژی ئێران دەستپێکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە هێرشەکان لە وەڵامی خستەخوارەوەی کۆپتەرێکی هێرشبەری ئاپاچی ئەمەریکا لە ڕۆژی پێشوودا ئەنجام دراون و "کاردانەوەیەکی گونجاوە بۆ کردەوە شەڕانگێزانە و ناڕەواکانی ئێران."

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەر ئەمڕۆ هەواڵی خستەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمەریکای لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی لە تەنگەی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند دوو فڕۆکەوانەکەی بەبێ هیچ زیانێک ڕزگار کراون و ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا پێویستە وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە."

میدیاکانی ئەمەریکا بە پشت بەستن بە بەرپرسان بڵاویان کردەوە کۆپتەرەکە دوای پێکدادان لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کە ئەگەری هەیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید بووبێت، کەوتووەتە خوارەوە.