وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نرخی خێراکردنی چاوپێکەوتنی ڤیزا دیاریدەکات

US.State Department logo

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڕی 750 دۆلاری دیاریکرد بۆ خێراکردنی چاوپێکەوتنی ڤیزای جۆری B‑1و B‑2 لە هەندێک بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا کە قەرەباڵغی زۆری چاوپێکەوتنی ڤیزایان لەسەرە.

ئەم بڕیارە کە رۆژی سێ شەممە لە رۆژنامەی تۆماری فیدراڵی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، بوار بەداواکارانی ڤیزای جۆری B‑1و B‑2 دەدات لەبەرامبەر پێدانی 750 دۆلار لەماوەی 10 رۆژدا چاوپێکەوتن بۆ ورەگرتنی ڤیزا بکەن، ئەمە سەرەڕای تێچووی سەرەتایی ڤیزا کە بڕی185 دۆلارە.

خزمەتگووزارییەکە ئارەزوومەندانەیە و وەک تاقیکردنەوەیەک جێبەجێدەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی داواکاری و کەمکردنەوەی فشار لەسەر ستافی ئەو بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانانەی کە ماوەی چاوەڕوانی چاوپێکەوتنی ڤیزا زۆرجار لە ساڵیک زیاترە.

بڕیارە لە داهاتوودا وەزارەتی دەوەرە ناوی ئەو بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانانە بڵاوبکاتەوە کە ئەم خزمەتگووزارییەیان تێدا بەردەست دەبێت.

ئەم دەستپێشخەرییە هەلێکی نوێیە تا گەشتیاران خێراتر کاتی چاوپێکەوتنی ڤیزا مسۆگەربکەن، هەروەها یارمەتی وەزارەتی دەرەوە دەدات بۆ تێگەیشتن لە ئاستی داواکاری و توانای فراوانکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکان لە داهاتوودا.

ئەم خزمەتگووزارییە لە 1ی مانگی حەوت دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی دوانزەی 2026 بەردەوامدەبێت. پاشان وەزارەتی دەرەوە بە پشتبەستن بە زانیارییە کۆکراوەکان بڕیاردەدات لە کۆتاییهێنان یان بەردەوامبوونی پڕۆگرامەکە.

ڤیزای جۆری B‑1 کاتییەو بۆ چالاکییە بازرگانییەکان دیاریکراوە، وەک بەشداریکردن لە کۆنفرانس وگفتوگۆکردن لەسەر گرێبەست و بەشداریکردن لە ڕاهێنانی پیشەیی. ڤیزای جۆری B‑2 کاتییەو بۆ مەبەستی گەشتیاریی و سەردانی هاوڕێ و کەسوکارو بەشداریکردن لە بۆنە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەکاردێت.

وەزارەتی دەرەوە هەر دوو ساڵ جارێک بڕی پارەی وەرگیراو لە داواکارانی ڤیزا لەسەر بنەمای بەدەستهێنانەوەی تەواوی تێچوو بۆ حکومەت دەخەمڵێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە وەزارەتی دەرەوە بڕیاریداوە کە تێچووی خێراکردنی چاوپێکەوتنی ڤیزا 750 دۆلار دەبێت، بۆیە لە ماوەی ئەم تاقیکردنەوەیەدا ئەو بڕە پارەیە لەو داواکارانە وەردەگرێت کە ئەم خزمەتگووزارییە بەکاردەهێنن.