ترامپ گەشبینی خۆی لە بەردەوامی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەربڕی

سەرۆکی ئەمەریکا گەشبینی خۆی دەردەبڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و بە دووری دەزانێت حزبوڵا ئاگربەست بشکێنێت.

دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە حزبوڵا ڕایگەیاند، "ئەوان ئاگربەستیان ڕەتنەکردووەتەوە. ئەوان پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد و داوای ڕاگرتنی شەڕیان کرد."

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "هەندێک ڕووداو لەو شوێنە [لوبنان] ڕوودەدەن کە تا ڕادەیەک جیاوازە بەڵام گرێدراوە بە ئێران؛ وە زۆر شتێکی باش دەبێت ئەگەر لوبنان ئاشتی تێدا بێت. لوبنان بۆ چەندین ساڵی زۆرە هێرشی دەکرێتە سەر و بووە بە قوربانی."

ترامپ ئاماژەی کرد بە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی لوبنان و حزبوڵا. جەختی کردەوە لەوەی "پێشکەوتن" لە گفتوگۆکان بەدی هاتووە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "48 ساڵە شەر لەوێ بەردەوامە. گوتم با ئەو شەڕە کۆتایی پێ بهێنین، هەرچەندە هێندەش ئاسان نییە."

ئەمە لە کاتێکدایە راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی سەرکردایەتی حزبوڵا ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە نێوان حکومەتی لوبنان و ئیسرائیل ڕەتکردووەتەوە و داوای کردووە سەربازانی ئیسرائیل بە تەواوی لە خاکی لوبنان بکشێنەوە.