نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج ئەندامی نوێی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵدەبژێرێت

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێنج ئەندامی نوێی کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵبژێردرا.

دەنگدانەکە ڕۆژی چوارشەممە لە بنکەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، 193 ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆتریش، قرقیزستان، پورتوگال، ترینیداد و تۆباگۆ و زیمبابوێ-یان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک ئەندامی کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵبژارد. ئەم وڵاتانە لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەست بەکارەکانیان لەو ئەنجومەنەدا دەکەن.

لە پێشبڕکێی دوو کورسی تایبەت بە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان، پورتوگال 134 دەنگ و ئۆتریش 131 دەنگی بەدەستهێنا. ئەڵمانیا بە 104 دەنگ لە پلەی سێهەمدا بوو و 23 دەنگی کەم بوو بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی دوو لە سێی دەنگەکان کە پێویستە بۆ سەرکەوتن.

ئەمە یەکەم جارە ئەڵمانیا دوای چەند دەیە نەیتوانی کورسییەکی ئەنجومەنی ئاسایش بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا هەموو هەشت ساڵ جارێک یەکێک لە کورسییەکانی تایبەت بە رۆژاوای ئەورووپای بەدەست دەهێنا. ئەڵمانیا پێشتر شەش جار ئەندامی ئەنجومەنەکە بووە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، یوهان ڤادێفول، ئەنجامەکەی بە "شکستێکی تاڵ" ناوبرد. ئەو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پشتگیریی بەهێزی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا و بەرپرسیاریەتی تایبەتی بەرامبەر بە ئیسرائیل ڕەنگە هۆکاری لەدەستدانی هەندێک دەنگ بووبێت. ڤادێفول وتیشیی "هیچ نهێنییەک نییە" کە ڕووسیا هەوڵیداوە دژایەتی بەرامبەر بەرلین دروست بکات. ڕووسیا تا ئێستا وەڵامی ئەو تۆمەتەی نەداوەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا، فریدریش مێرتس، پیرۆزبایی لە ئۆتریش و پورتوگال کرد و وتی ئەم ئەنجامە گۆڕانکاری لە ئەرکەکانی ئەڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دروست ناکات، و زیادیکرد کە ئەڵمانیا هێشتا پایەیەکی متمانەپێکراوی سیستەمی چەندلایەنەی جیهانییە.

قرقیزستان بۆ یەکەم جار کورسییەکی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە چوار خولی دەنگداندا شکستی بە فیلیپین هێنا. زیمبابوێ و ترینیداد و تۆباگۆ بێ رکابەر هەڵبژێردران و هەریەکەیان زیاتر لە 180 دەنگیان بەدەستهێنا.

ئەنجومەنی ئاسایش 15 ئەندامی هەیە. پێنج وڵات ئەندامی هەمیشەیین و مافی ڤیتۆیان هەیە کە ئەوانەش بریتین لە ئەمەریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و ڕووسیا. دە ئەندامی دیکەش بە شیوەی کاتیی و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

ئەنجومەنی ئاسایش تەنها بەشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە دەتوانێت بڕیارە یاسایییە پابەندکەرەکان بدات، وەک سەپاندنی سزا و ڕێگەدان بە بەکارهێنانی هێز.