مێشک پێش جوڵە بڕیار دەدات؛ دۆزینەوەی ئەو تۆڕە دەمارییەی کە ڕێنمایی کردارە کۆمەڵایەتییەکان دەکات

توێژەران لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەتوانن بۆ یەکەمجار چالاکی دەمارەکانی تەواوی مێشک لەکاتی کردارێکی کۆمەڵایەتیدا لە ماسی زیبرادا تۆمار بکەن و ئەمەش دەریدەخات کە بڕیاری نزیکبوونەوە لە هاوجۆرێک پیش ئەوەی بە کردەوە هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت، لە تۆڕێکی فراوانی ناوچەکانی مێشکدا بڕیاری لەسەر دەدرێت.

بۆچی و چۆن لە کەسێکی دیکە نزیک دەبینەوە؟ ئەم پرسیارە لە زانکۆی عیبریی ئورشەلیم توێژینەوەی لەسەر کراوە و وەڵامەکە ئەوەیە کە مێشک بە چەند چرکەیەک پێش هەر هەنگاوێکی کرداری بڕیاری خۆی لەسەر ئەمە داوە.

توێژینەوەکە لە لایەن دکتۆر لیا ئاڤیتان سەرپەرشتی کراوە و ئیمری لیفشیتز، خوێندکاری دکتۆرا بە هاوکاری ئەندامانی تاقیگەی سەنتەری ئیدمۆند و لیلی سافرا بۆ زانستی مێشک ئەنجامی دراوە. توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری زانستیی نەیچەر کۆمیونیکەیشن بڵاو کردووەتەوە. بۆ گەییشتن بە ئەنجامەکان، تاقیکردنەوەکان لەسەر ماسیی زێبرا کراون چونکە ئەم ماسییە ڕێگە بە توێژەران دەدات کە خانە بە خانە چاودێریی چالاکییەکانی مێشک بکەن.

تیمی توێژەران سیستەمێکی چاودێرییان دامەزراند کە تێیدا ماسییەک لە کاتی نزیکبوونەوەی لە یەکێکی دیکە چاودێری دەکرا. لەو کاتەدا توێژەران هەموو چالاکییەکانی مێشکی ماسییەکەیان تۆمار دەکرد. لەم ڕێگەیەوە توانییان کە خاڵ بە خاڵی گۆڕانکارییەکان لە مێشکی ماسییەکە تۆمار بکەن و کاردانەوە جەستەییەکانی بۆ نزیکبوونەوە لە ماسیی دووەم ببینن.

توێژەران تێبینییان کرد کە لە کاتێکدا ماسیی یەکەم لە دووەم نزیک دەبووەوە، گۆڕانکارییەکانی مێشکی ماسییەکە چەند چرکەیەک بەر لە گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتیدا دەستیان پێ کرد و زانیاری لە نێوان خانەکانی مێشکدا ئاڵوگۆڕ کران. چالاکییەکان لە بەشی پاڵیومی مێشک کە تایبەتە بە هەڵسوکەوتە ئاڵۆزەکان زیادیان کرد و لە بەشەکانی دیکەدا کەمیان کرد.

توێژەران ئەم چالاکییانەی ناو مێشکیان بە ''قۆناغی پێش بڕیار'' ناو ناوە کە ئاماژەن بۆ ڕوودانی هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتی و دەتوانرێت بۆ پێشبینی هەڵسوکەوتەکە بەکار بهێندرێت.

بە گوێرەی توێژینەوەکە هێزی ئەم ئاماژە مێشکییانە لە نێوان کەسەکاندا جیاوازە. چالاکیی زیاتری مێشک لەو بارودۆخانەدا ئاماژەن بە ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی کەسەکان. دکتۆر ئاڤیتان لەو بارەیەوە گوتی ''ئاماژەکانی مێشک تەنیا ئەوە دەرناخەن کە هەڵسوکەوتی دوای ئاماژەکان چۆن دەبن، بەڵکوو دەرخەری ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی کەسەکەشن لە هەمانکاتدا.''

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لەوانەیە هاوکار بن لە تێگەییشتنمان کە بۆچی ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤەکان و بوونەوەرەکانی دیکەش لە یەکدی جیاوازن و هەندێک کەس بە ئاسانی هاوڕێیەتی و پەیوەندی لەگەڵ خەڵکانی دیکە دروست دەکەن و هەندێکی دیکە نایانەوێت یان دووچاری زەحمەتی دەبنەوە.