گرووپی میلیشیای عێراقی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایدەگەیەنێت لیژنەیەکی ناوەندییان پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و هەماهەنگی لەگەڵ سیاسەتی حکومەت بۆ قۆرخکردنی چەک.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی شەش بڵاویکردووەتەوە، گروپەکە ڕایگەیاندووە، ئەم کارە لە وەڵامی بانگەوازی دەسەڵاتی باڵای ئایینی و ئەو هەڵوێستەی کە لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی" ڕاگەیەندراوە، ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە لێدوانەکانی پێشووی قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق کراوە سەبارەت بە پێویستی پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و گواستنەوەی قۆرخکاری چەک بۆ حکومەت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لیژنەیەکی ناوەندی ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەیان پێسپێردراوە و ئەرکی تۆمارکردن و ڕێکخستنی هێز و چەک و کەرەستە و دامەزراوە لۆجستیەکان و هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و دامودەزگا ئەمنییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
عەسائیب ئەهلی حەق گرووپێکی چەکداری شیعەی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە عێراق کە لە ساڵی 2020ەوە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادایە.