کاردانەوەی ترامپ بەرامبەر بە ڕاگرتنی دانوستانەکان لەلایەن ئێرانەوە: کێشە نییە؛ قسەمان زۆر کردووە

کەناڵی ئێن بی سی ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە سەرۆکی ئەمەریکا بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە ئاگاداری بڕیاری کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکان نییەو بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە ئەگەر واش بێت ئەوە بە کێشە نازانێت.

دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئەو کەناڵە ئەمەریکاییە ڕایگەیاندووە، هەواڵێکی لەو شێوەیەی لە ئێرانەوە نەبیستووە.

میدیای دەوڵەتی لە ئێران ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان ڕانەگرێت "ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمەریکا" ڕادەگرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، بەرپرسان و دانوستانکارانی ئێران داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە و ڕایانگەیاندووە تا ئەو کاتەی ئەمە چارەسەر نەکرێت، هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت.

لە وەڵامی ئەم هەواڵەدا ترامپ وتی "ئەگەر ڕاستگۆ بم من پێموایە ئێمە زۆر باسی ئەم بابەتە دەکەین، پێموایە باشترە بێدەنگ بین."

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "بێگومان، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە بچین و دەست بکەین بە فڕێدانی بۆمب لە ئێستاوە، تەنها بێدەنگ دەبین، گەمارۆکەش دەپارێزین."

بە وتەی پەیامنێری ئێن بی سی، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە "پێموایە تا ئەو کاتەی ئەوان دەیانەوێت دەتوانم چاوەڕێ بکەم، پارەکە لە گیرفانی ئەوانەوە دێتە دەرەوە."

ئاماژەی سەرۆک ترامپ بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانە کە سوپای ئەمەریکا لە کاردانەوە بە داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستیپێکرد، هەنگاوێک کە ڕێگری لە ئێران دەکات لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتەکەی بۆ وڵاتانی جیهان.